بابەتە
سەرەکیەکە: سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە پارێزگای
سەماوە پەیامێک بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە.
پەیامی فەرمی: محەمەد شیاع سودانی
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەکۆی "ئێکس" رایگەیاند: سەرەڕای تێپەڕبونی
ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقیەکان، بەڵام
بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی ڕژێمی پێشو رۆژ لە دوای رۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو
دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتوە.
ئەمەشی وت: دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی
نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە
بیابانەکانی سەماوە، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبونمان
بەبیر دەهێنێتەوە کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی رژێمی رەگەزپەرستدا ئازار و
مەینەتی دەچێشت.
زیاتر: درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی
عێراق و شەهیدانی ستەم و قوربانیانی دڕندەیی دیکتاتۆری قێزەون.
بیرخستنەوە: دوێنێ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، دۆزینەوەی گۆڕێکی
بە کۆمەڵی لە بیابانی تەل شێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیاند، کە زۆرینەیان ژن و
منداڵن و پشکنینی دی ئێن ئەی دەستیپێکردوە و بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان وادەردەکەوێت کورد بن.