بابەتە سەرەکییەکە:
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی
بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی روخاوی بەعسەوە بڵاوکردەوە.
راگەیەندراوی فەرمی:
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاویکردەوە: ئەم هەنگاوە
دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و
پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغدا.
دەقی راگەیەندراوەکەی
دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:
ئەمڕۆ سێ شەمە
٢١-١-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق
دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی
شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری
ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە.
ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و سەرجەم
کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغداد. ئێمەش لە دەستەی گشتیی
ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی
هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەم
هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قوڵتر و ڕووبەری متمانەی نێوان
لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی
کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین،
بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی
کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا و لەپێش هەمووشیانەوە
جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەی عێراق.
ئەوەش بە بیری هەموو لایەک دەهێنینەوە هەوڵی پێکەوەیی و
خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی کوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەکانمانە،
ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم