شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا سەریهەڵداوە

تەندروستی 26/09/2020

Alternate Text

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا سەرلەنوێ بەرزبووەتەوە، کە گەیشتووەتە ئەو رادەیەی بە شەپۆلی دووەمی پەتاکە بناسێنرێت، بەتایبەتیش لە فەرەنسا، ئیسپانیا و بەریتانیا.

ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاو بۆتەوە. وڵاتانی کیشوەرەکەش ڕێکاری تەندروستیی نوێیان گرتووەتە بەر لە بەریتانیا، کە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە لەنێو وڵاتانی ئەوروپا، رۆژی پێنجشەممە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاری داخستنی فرۆشگا و چێشتخانەکانیان دا لە شاری لەندەن، هەریەک لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئیسپانیاش رێکاری نوێیان گرتە بەر بەو هیوای تووشی سیناریۆی مانگەکانی ئازار و نیسان نەبنەوە.

حکومەتی ئەو وڵاتانە ناچاربوون لە هەندێ شوێن دووبارە قەدەغەی هاتووچۆ رابگەیێنن و بازاڕەکان دابخەن.

جیاواز لەو وڵاتانە، ئیتاڵیا بە سەلامەتی ماوەتەوە و ژمارەی تووشبووەکانی بەرزنەبووەتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ئەو وڵاتە لە سەرەتای دەرکەوتنی کۆرۆنادا، چەقی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بوو بۆ ئەوروپا، بەڵام لەو کاتەوە رێکاری خۆپارێزی تووندی گرتنەبەر و بەردەوامبوو لەسەری، ئەمەش بە هۆکاری دەرنەکەوتنەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا دادەنرێت.

پرۆفیسۆر ماسیمۆ ئەندریۆنی، پسپۆڕی نەخۆشیە گوازراوەکان لە ئیتاڵیا دەڵێت "بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا، پەتاکە زوو گەیشتە ئیتاڵیا. بۆیە ئیتاڵیا زۆر بەباشی ئاگاداری قەبارەی کێشەکە بوو و خێرا پلانێکی زۆر تووندوتۆڵی دانا بۆ کۆنترۆڵکردنی."

لە کاتێکدا کە لە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و بەریتانیا خۆپیشاندان لە دژی بەستنی دەمامک و رێکارە خۆپارێزییەکانی دیکە دەکرێت، هاووڵاتیانی ئیتاڵیا بە رێکارەکانەوە پابەندن و پۆلیسیش چاودێری پێشێلکارییەکان دەکات.

پرۆفیسۆرە ئیتاڵییەکە لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە بەگشتی دڵخۆش نین، چونکە بەردەوام پێماندەگوترێ کە دەبێت تەنانەت زیاتر هۆشیاربین، بەڵام لە راستیدا، هاووڵاتیانی ئیتاڵیا زۆر رێزیان لە هەموو رێکارەکان گرتووە. کاتێک کە سەیری هەواڵەکان دەکەم و شارە ئەوروپییەکانی دیکە دەبینم، دەبینم ئەوانەی لەوێ دەمامک بەکارناهێنن زۆر لەوانە زیاترن کە لە ئیتاڵیان."

بێنی بۆس، گەشتیاری ئەمریکیییە لە ئیتاڵیا و دەڵێت"پێموایە لێرە خەڵک رێز لە رێنمایی بەکارهێنانی دەمامک دەگرن، پۆلیسیش چاودێریی دەکات، ئەمەش شتێکی گرنگە."

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵ گەیشتە لووتکە، دواتر بە گرتنەبەری رێکاری تووندوتۆڵ توانییان ژمارەکە کەمبکەنەوە، بەڵام دوای سووککردنی رێکارە خۆپارێزییەکان لە مانگی ئاب و ئەیلوول ژمارەی تووشبووان دووبارە هەڵکشایەوەو گەییشتەوە ئاستی جاران.

ئیتاڵیاش بەدەرنەبووە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، بەڵام بەراورد بە وڵاتانی دیکە، ژمارەی تووشبووانی رۆژانەی زۆر کەمترە، بە جۆرێک کە لە دوو هەفتەی رابردوودا لە فەڕەنسا، بەریتانیا و ئیسپانیا، لە رۆژێکدا لەنێوان ٦ هەزار تاوەکو سەرووی ١٦ هەزار تووشبوو تۆمارکراون، بەڵام لە ئیتاڵیا ژمارەکە نەگەیشتووەتە دوو هەزار کەس.

دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتیش لە دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی چین، لە ئێستادا حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە زیاتر لە ٢١٠ وڵات و ناوچە تۆمار کراوە.  

سەرچاوە؛ موحەممەد رەحمان

فرانس24/ رويترز

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا