رۆژانە دەیان کەس پەیوەندیم پێوە دەکەن و ده‌رباره‌ی كۆڕۆناو ده‌رهاویشته‌كانی پرسیار ده‌كه‌ن، ھەندێکیان باسی ئه‌وه دەکەن، دوای ئه‌نجامدانی پشکنینی خوێن پێیان راگه‌یاندوون، بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بووینه!
سەرەتا ده‌مه‌وێت ئاماژه بەوە بكه‌م، کە پشکنینی خوێن بۆ زۆربەی ھەرەزۆری تووشبوانی ئەو پەتایە بە ھیچ شێوەیەک پێویست نییە و ھیج کاریگەریه‌كی لەسەر دیاریکردنی چارەسەری ئەو پەتایە نیه، ئەو پشکنینانە جگە لە بەھەدەردانی پارە ، زۆر جاران دەبێتە ھۆی درووستبوونی دڵەڕاوکێ لای نەخۆش و بە ھۆی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئەو پشکنینانە، هانیان ده‌دات پەنا بۆ ھەندێک چارەسەری ببه‌ن، كه نەک ھەر سوودیان نیە، بگره ئەگەری ئەوەشیان ھەیە زیان بە نەخۆشه‌گه بگەیەنن!
پشکنینی خوێن و تیشک تەنھا بۆ ئەو کەسانە پێویستە، کە بە توندی تووشی ئەو پەتایە بوونە و کێشەی تەنگه نه‌فه‌سی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجیان ھەیە، له‌و حاڵه‌ته‌شدا دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بن، واتە دەبێت لە کاتی پێویست و لەسەر داواکاری پزیشک بکرێت. دیارە کۆمەڵێک پشکنینی خوێن لە تاقیگەکان بۆ خەڵک دەکرێت، بەڵام ئه‌و پكشنینانه‌ی به‌هۆی كۆڕۆناوه بە شێوەیەکی بەربڵاو ده‌كرێت، ده‌توانین له چه‌ند جۆرێكیان كورتبكه‌ینه‌وه:
1-پشکنینی CBC ، کە لە کوردستان به پشكنینی کۆمپلیت ناوزه‌د ده‌كرێت، ئەم پشکنینە رێژەی ھیمۆگلۆبین و خرۆکە سپی و خەپلەکانی خوێن به‌دیارده‌خات،کەمبوونەوەی جۆرێک له خرۆکەی سپی، کە پێی دەووترێت لیمفۆسایت لە بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە به‌دیده‌كرێت، بەڵام كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و خڕۆكه سپیه بە ھیچ شێوەیەک ئه‌وه ناگایەنێت، کە ئەو کەسە بە دڵنیایی تووشی په‌تای کۆرۆنا بووە، لە ھەمان کات ئەگەر رێژەی لیمفۆسایت نۆرماڵ بێت ئەوە ناگەیەنێ کە نەخۆشەکە کۆرۆنای نیە.
2--پشكنینی CRP ، كه بە ھۆی ھەوکردن بەرزدەبێتەوە، جا ئه‌و هه‌وكردنه به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه بێت یاخود به‌كتریا، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و هه‌وكردنه‌ش ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی کۆرۆنا بووە . خەڵکانێکی زۆر ئەو پشکنینە لەگەڵ پشكنینی، PCR کە له لووت و قوڕگە سامپڵ وه‌رده‌گرن تێکەڵ دەکەن.
3- پشكنینی D-Dimer، کە لەناو خەڵک بە پشکنینی خوێن مەین دەناسرێت، ئەمەشیان لەگەڵ ھەر جۆرێکی ھەوکردن ئەگەری ئەوە ھەیە رێژه‌كه‌ی بگۆڕێت و تۆزێک بەرزبێتەوە، به‌ڵام بە ھیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی خوێن مەین بووە.
4- پشكنینی Ferritin و ESR ، به هه‌مان شێوه ئەم پشکنینانەش به‌هۆی هه‌وكردنه‌وه ئەگەری ئەوەیان ھەیە بەرزببنه‌وه، بەڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵیان لە دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا نیه!.
5- پشکنینی خوێنی سیرۆلۆژی، کە بە پشكنینی IgM و IgG ناسراوه، ئەو پشکنینە بۆ دیاریکردنی بڕی دژەتەن بەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ئه‌نجام ده‌درێت و خەڵکێكی زۆر بۆ دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا ئەو پشكنینه دەکەن، تێبینیم کردووە ئه‌م پشكنینه ده‌بێته هۆی سەرلێشێواندنی نه‌خۆش ، چونكه نیگەتیڤی و پۆژەتیڤی ھەریەک لەم دژەتەنانە کۆمەڵێک ئەگەر دەخاتە پێش نەخۆش، كه ره‌نگ بێت له‌راستیه‌وه دوور بێت، کۆمەڵێک تاقیگە لە کوردستان ئەو پشکنینە دەکەن ، جێگای سه‌رنجه رێژه‌ی ئه‌و دژه ته‌نانه لە تاقیگەیەک بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، چونکه دەوەستێتە سه‌ر جۆری ئەو شیکردنەوەیه‌ی دەکرێت. دژەتەنی IgM ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه دوای پێنج رۆژ لە تووشبون بەو پەتایە لە خوێن به‌دیاركه‌وێت، لە ھەندێک حاڵەت ماوەیەکی زۆرتری دەوێت ، بۆیە ئەگەر نه‌خۆش لە چەند رۆژی یەکەمی سەرھەڵدانی ئەو پەتایە ئەو پشکنینە بکات، نیگەتیڤ دەردەچێت، لە کاتێکدا ھەڵگری ڤایرۆسەكه‌یه، ئه‌مه‌ش دەبێتە ھۆی ئه‌وه‌ی ئەندامه‌كانی خێزانه‌كه‌ی و خه‌ڵكانی تری چوارده‌وری دووچاری ئه‌و پەتایە بكات. چونکە نەخۆش واتێدەگات کە پەتای کۆرۆنای نیە . ئەگەر کەسێک لە رابردوودا نیشانەکانی ئەو پەتایەی لێبه‌دره‌كه‌وتووه‌و دەیەوێت ئێستا دڵنیا بێته‌وه له‌وه‌ی تووشی كۆڕۆنا بوه یاخود نا، دەکرێت دوای تێپه‌ڕینی مانگێک بەسەر نیشانه‌كانی ئه‌و پەتایە پشكنیی IgG بکات ، ئەگەر پۆزەتیڤ بێت، ئەو كاته ئه‌وه روونده‌كاته‌وه، کە ئەو کەسە دژەتەن و بەرگری پێویستی بەرامبەر ئەو پەتایە دروست کردووە ، هه‌رچی ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت دڵنیابنه‌وه له‌وه‌ی نیشانه‌كانیان هی پەتای کۆرۆنایە یاخود نا، یا لە كاره‌كانیان داوایان لێدەکرێت حۆیان بپشكنن ، پێویسته پشكنینی PCR بكه‌ن، کە وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد بەشێوەی سامپل لە قوڕگ و لووت وەردەگیرێت، تەنانەت ئەو پشكنینه‌ش لە رێژەیەکی بەرچاوی تووشبوان بە نیگەتیڤ دەردەکەوێت لە کاتێک ھەڵگری ڤایرۆسەکەنە ، بۆیه ئەگەر نیشانەکانی ئەو پەتایەت ھەیە، باشتر وایە هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وەک تووشبوێک مامەڵە لەگەڵ خۆت و دەوروبەره‌كه‌تدا بکەیت ، بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته لە ماڵەوە پشوو بده‌یت ، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشكنینی خوێن ناتوانێت رۆلێكی به‌رچاو ببینێت لە دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا و بە ھیچ شێوەیەک لە چارەسەری ئەو نەخۆشانە ناگۆڕێت کە بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بوونە.
سەرچاوە/ دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن