‏ یەک چارەک مانەوە لەبەرتیشکی خۆر پێویستی ڤیتامین دی بۆ مرۆڤ دابیندەکات

تەندروستی 20/11/2020

Alternate Text

ڕۆژانە مانەوە لەبەر تیشکی خۆردا بۆ ماوەی ١٥ خولەک، پێویستی ڤیتامین D بۆ جەستەی مرۆڤ دەستەبەردەکات، بەڵام دەبێت بەپێی وەرزەکان کاتەکانی چونە بەرخۆر بزانرێت.

 ئەلبیر سونماز پزیشک و ئەکادیمیست لە زانکۆی گوڵھانەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژانە مانەوە لەبەر تیشکی خۆردا بۆ ماوەی ١٥ خولەک پێویستی ڤیتامین D بۆ لەش دەستەبەردەکات.

سونماز جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆئەندامی بەرگری پێویستی بە نوێکردنەوەی خانەی لەش و پڕۆسەی چالاکی خۆراک لە لەشی مرۆڤ ھەیە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە داوە کە ڤیتامین D کاریگەریی گەورەی لەسەر پێکھێنانی چڕی ئێسکەکان ھەیە، کەمی ئەو ڤیتامینە کاریگەریی خراپ لەسەر ئێسکەکان دروستدەکات.
ئەلبیر سونماز وتووشیەتی، کەمی ڤیتامین D کاریگەریی گەورە لەسەر چەند لایەنێکی لەشی مرۆڤ دروستدەکات لەوانە، گەشەکردنی شێرپەنجە، نەخۆشی شەکرە لە جۆری یەکەم، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی بەرگری.

ئەو پسپۆڕە پێیوایە کە کەمی ڤیتامین D دەبێتەھۆی ئەوەی مرۆڤ ھەست بە تەمبەڵی و ماندووبوون بکات و ھاوسەنگیش لەدەستبدات، ئەمەش وێڕای ئەوەی کە لەوانەیە کۆئەندامی ماسولکە پەکبخات.
ئەلبیر سونماز ئاماژەی بەوەداوە کە دەکرێت بۆ دەستەبەرکردنی ڤیتامین D، سوود لە تیشکی خۆر لەو ژینگە جوگرافییە وەربگیرێت کە لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی دووەم هەیە، بەتایبەتیش لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تاکو سێی دوای نیوەڕۆ، ئەمەش بۆئەوەی لەشی مرۆڤ بە  دروستی سوود لە تیشکی خۆر وەربگرێت، هەربۆیە پێویستە بەشێکی زۆری لەش تیشکی خۆری بەربکەوێت.

سونماز لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی، خۆراکیش ڕۆڵی هەیە لە دەستەبەرکردنی ڤیتامینی D بۆ لەشی مرۆڤ، بەڵام ١٠%ی پێداویستییەکانی ڤیتامین D بۆ لەش دەستەبەردەکات، هەروەها ئەم ڤیتامینە لە زۆربەی خۆراکەکاندا نییە تەنھا لە چەند خۆراکێکدا نەبێت وەکو خواردنی ماسی سەلەمون سێ جار لە هەفتەیەکدا، ڤیتامین D بۆ لەشی مرۆڤ دەستەبەردەکات.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە لەوەی کە گرنگە دەستەبەرکردنی ڤیتامینی D بۆ لەش تەنھا بە ڕێگەی تیشکی خۆر یان ئەو خۆراک و دەرمانانە بێت کە پزیشکی پسپۆڕ دەستنیشانیان دەکات.
هەر بەم دواییانە توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی کە ڤیتامین D لە خوێنیاندا کەمە، زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان ببن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا