حەلبوسی نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتان لە عێراق ئاگادار دەکاتەوە

عێراق 28/02/2021

Alternate Text

لە پەیامێکدا حەلبوسی رایگەیاند، پێویستە نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتان دەستێوەردان لەو بابەتانە نەکەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی:" ئەرکی نێردە دیبلۆماسییەکان لە عێراق نوێنەرایەتیکردنی وڵاتانی خۆیان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە".

ئاماژەی بەوەشکردووە:" پێویستە بەشێک لە نوێنەری ئەو نێردانە ئەرکی خۆیان بەباشی بزانن و دەستێوەردان لەو بابەتانە نەکەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە، بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی هاوشێوەیان لەگەڵ بکرێت، پێویستە رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرن".

شایەنی باسە، دوێنێ هەردوو باڵیۆزی تورکیا و ئێران لەبەغدا لەبارەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێم لێدوانی رۆژنامەوانییان دژ بە یەکتر دا.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند:"دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە عێراق رەتدەکەینەوە و پێویستە بە هیچ جۆرێک هێزەکانی تورکیا نەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر خاکی عێراق و داگیرکردنی".

لە وەڵامدا، فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاندبوو:"باڵیۆزی ئێران کۆتا کەس دەبێت لەبارەی رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق وانە بە تورکیا بڵێتەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا