دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، بەتۆمەتی
بەهەدەردانی پارەی گشتی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی
تەندروستی بابل دەرکراوە و پارێزگاری پێشووتری ئەو پارێزگایەش بانگهێشت دادگا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ی نیسان، دەستەی دەستپاکی عێراق
لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:" بە پێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی و
بەهۆی سەرپێچیکردن لە گرێبەستی بەکرێگرتن و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی،
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی تەندروستی بابل دەرچووە و
پارێزگاری پێشووتری ئەو پارێزگایەش بەهەمان مەبەست بانگهێشتی دادگا کراوە ".
پێشتریش دەستەی دەستپاکی چەندین جار فەرمانی
دەستگیرکردنی بۆ چەند بەرپرسێکی خۆجێی پارێزگاکە دەرکرد و رەوانەی دادگایانی کرد.