دوای چەنێک لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەرگری لەش پەیدا دەبێت؟

تەندروستی 01/05/2021

Alternate Text

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن رایگەیاند، لەگەڵ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەستبەجێ لەش بەرگری پەیدا ناکات، بەڵکۆ ماوەی سێ هەفتەی پێ دەچێت تاوەکو لەش بەرگری پەیدا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، ١ی ئایار، داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن لە سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە:" لەگەڵ وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەستبەجێ بەرگری پەیدا ناکەیت، بەڵکو سێ هەفتەی دەوێت تاوەکو هەندێک بەرگری پەیدا دەبێت و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک دوای وەرگرتنی ژەمی دووەم ئینجا بەرزترین ئاستی بەرگری دەستپێدەکات، بۆیە ناکرێت لەگەڵ وەرگرتنی ژەمی یەکەم خەمساردی بنوێنیت لە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی ".

ناوبراو راشیگەیاندووە:" ئاساییە دوای وەرگرتنی هەرکام لە ڤاکسینەکان تووشی لەرز و تا و ئازار ببی و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دەخایەنێت، لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە ئاساییە دەرمانی ئازارشکێن بەکاربهێنیت ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو:" لە هەندێک باری زۆر دەگمەندا (رێژەی یەک لە ٢٠٠ هەزار) لەوانەیە لێکەوتەی نەخوازراوی قورستر دەربکەوێت، وەک مەیینی خوێن کە پێویست بە چارەسەر دەکات لە نەخۆشخانە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هێمن وتێشی:" ئەو دامەزراوە و کۆمپانیایانەی ڤاکسینەکانیان دروستکردووە پاشخانی زانستی بەهێزیان هەیە و متمانەپێکراون، بە تایبەت ئەو سیانەی ئێستا لە کوردستان و عێراق هەن (سینۆفارم، ئەسترازینیکا و فایزەر) ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا