پسپۆڕێکی خۆراکی رووسی ئاشکرایکردووە، خواردنی گۆشت لەگەڵ شیرەمەنییەکان لە
یەک ژەمدا سوودەکانی گۆشت ناهێلێت.
دکتۆر تاتیانا بۆچارۆڤا، پزیشک و پسپۆڕی خۆراک بە ئاژانسی
"نۆفۆستی"ی رووسی راگەیاندووە:" باشتر وایە لە یەک ژەمدا گۆشت و شیرەمەنییەکان
نەخورێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو کالیسیۆمەی لە ماست و شیر و پەنیردا هەیە، بە رێژەی
٥٠-٦٠٪ رێگری لە هەڵمژینی ماددەی ئاسن دەکات، بە تایبەت بۆ منداڵان و ژنانی دوو
گیان، هەر وەها ئەو کەسانەی کە بەدەست کەمخوێنییەوە دەناڵێنن ".
ئاماژەی بەوەشکردووە:" باشتر وایە لە بری چا و قاوە، پاش خواردنی گۆشت
ئاو یاخود کوپێک لە شەربەتی ترشەمەنییەکان بخورێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ماددانەی لە
ناو چا و قاوە هەن رێگری لە هەڵمژینی ئاسن دەکەن ".
ئەوەشی خستەڕوو:" خواردنی گۆشت لەگەڵ نان، پەتاتە و مەعکەڕۆنە دەبێتە
هۆی زەحمەتی هەرسکردنی گۆشتەکە لەنێو گەدەدا، بە تایبەت ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە
باشتر وایە ئەم رێنماییانە پەیڕەو بکەن ".