لەسەرووبەندی دەستپێکردنی پڕۆسەى دەنگدان لەسەرتاسەرى عێراقدا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی ئاڕاستەى هاوڵاتیانی شارى کەرکوک کرد و داواى لێکردن کەرووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و بەدەنگەکانیان چارەنوسی کەرکوک دیاری بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەم، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی هاوڵاتییانی شاری کەرکوک کراوە، ئاماژەی بەوەدا:" بەداخەوە دوێنێ بە هەواڵى شەهیدبوونی رێکەوت محەمەد هەیاس رۆژمان کردەوە، کە رۆڵەیەکی گیانلەسەردەستی ئەم گەلە بوو، دواى ئەوەى لەداستانێکی قارەمانانەى بەرگرى کردن لەخاکی پیرۆزی کەرکوکی قودسی کوردستان و رووبەرووبونەوەى تێرۆریستاندا برینداربوو چەندین ساڵیش بەئازارەوە مایەوە، دواجار گیانی پاکی سپارد".
وتیشی:" بۆ ئەوەى خوێنى شەهید رێکەوت و گشت شەهیدانی بەرگرى کردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان و کەرکوکی خۆشەویست بەفێڕۆ نەچێت، داواتان لێ دەکەم سندوقەکانی دەنگدان بکەنە سەنگەرى بەرگری لەمافەکانتان و بەدەنگەکانتان پارێزگارى لەکوردستانیبوونی ئەم شارە دێرینە بکەن".
جەختیشی کردەوە:" کەبەشداریکردن لەپرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان، بەهێزترین چەکە بۆ رووبەرووبونەوەى دوژمنانی گەلەکەمان و بەم جۆرە لەئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق دەتوانین بەیەک دەنگ رێگر بین لەهەر پیلان و هەڕەشەیەک کەبکرێتە سەر گەلی کورد و کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان".