وەزارەتی کارەبا هۆشداری دەدات بەو
هاوبەشانەی بە ئەنقەست دەستکاری پێوەری زیرەک دەکەن و دەڵێت، ئەو کەسانەی دەستکاری
پێوەری زیرەک بکەن سزای دارایی دەدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی
کارەبا رایگەیاند:" پێوەری زیرەک بە یەکێک لە سەرکەوتووترین پرۆژەکانی کارەبا
دادەنرێت و بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ئەزموونی چەندین وڵاتی بیانی تاقیکراوەتەوە
و چەندین سوودی بۆ هاوڵاتییان هەیە".
کەسانێک بە مەرامی خراپ پڕوپاگەندەی دوور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکەنەوە
ئاماژەی بەوەشکرد:" کەسانێک بە مەرامی
خراپ پڕوپاگەندەی دوور لە راستی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکەنەوە و بە ئەنقەست
دەستکاری پێوەرەکانیان دەکەن، ئەو هاوبەشانەی کارەبا ئاگادار دەکەینەوە کە سەرپێچی لەسەر پێوەری زیرەک ئاشکرایە".
دەبێت تێچووی پێوەرەکە و چاککردنەوەشی لە ئەستۆبگرن
باسی لەوەشکرد:" وێڕای گرتنەبەری
رێککاری یاسایی و سزای دارایی ئەو سەرپێچیکارانەی کە بە ئەنقەست دەستکاریی
پێوەرەکە دەکەن، دەبێت تێچووی پێوەرەکە و چاککردنەوەشی لە ئەستۆبگرن، چونکە
پێوەرەکە بەبێ بەرامبەر بۆ هاوبەشان بەستراوە".
وەزارەتی کارەبا ئەوەشیخستەڕوو:" لەکاتی
هەر هەڵەیەکی تەکنیکی یان گرفتێک لە پێوەری زیرەکدا، وەزارەتەکەمان خەرجییەکانی
لەئەستۆ دەگرێت، بەپێچەوانەوە هاوبەشەکە دەبێت تەواوی تێچووی چاککردنەوە و دانانی
پێوەرێکی دیکە لە ئەستۆ بگرێت، ئەمە جگە لە سزای دارایی".