کەشناسێکی
هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بە گوێرەی پێشبینییەکان لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە،
شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە بروسکە روو لە پارێزگاکانی هەرێم دەکات.
ئەمڕۆ
چوارشەممە ١٦ی شوبات، ئاراس جەبار کەشناسێکی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا
ئاماژەی بەوەکرد:" بەپێی پێشبینییەکان لە ئێوارەی رۆژی هەینی داهاتووەوە (
١٨ی شوبات)، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
و ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و زیادبوونی خێرای ( با)ش هەیە ".
شەپۆلەکە دوو رۆژ دەخایەنێت
دەشڵێت:"
پلەکانی گەرما لە میانەی شەپۆلی بارانبارین و هەورە بروسکەکەدا بە بەرزی دەمێنێتەوە
و شەپۆلەکەش تاکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ( ٢٠ی شوبات) بەردەوامدەبێت".