وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازی هەرێم رایگەیاند، بڕی رۆن و زەیتی پێویست لە کۆگاکانی هەڵگرتنی خۆراکی شاری سلێمانیدا هەیە و پێویست ناکات هاوڵاتییانی ئەو شارە لەو بارەیەوە نیگەران بن.
بڕی ٥٠٠ تەن زیت گەیشتووەتە کۆگاکانی شاری هەولێر
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی زەیت و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی نەمانی لەبازاڕەکانی هەرێمدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر رایگەیاندووە، بڕی ٥٠٠ تەن زەیت گەیشتووەتە کۆگاکانی هەڵگرتنی خۆراکی ئەو شارە و دەستبە دابەشکردنی کراوە".
ئەوەشیخستەڕوو:" دوای بەدواداچوونی لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ کۆگاکانی هەڵگرتنی رۆن و زەیت لەو شارە، هاوڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیادەکەینەوە بڕی پێویست رۆن و زەیت لە کۆگاکانی ئەو شارەدا هەیە و پێویست ناکات لەوبارەیەوە نیگەران بن".