سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی پرسەنامەیەکی بەبۆنەی
کۆچی دوایی سکرتێری پشووتری حزبی شیوعییەوە بڵاوکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی
لە پرسەنامەیەکدا رایگەیاند:" مامۆستا کەریم ئەحمەد لە نەوەی یەکەمی رێبوارەکانی رێگای کوردایەتی
بوو کە ھەمیشە بە ھەڵوێست و بیری دیموکراتی و نیشتمانی دەناسرایەوە".
دەقی پرسەنامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی :
کۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین و سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستان و یەکێك لە رەمزە دیارەکانی حزبی شیوعی عیراق هاوڕێ (كەریم ئەحمەد) نیگەران و خەمباری کردم.
مامۆستا کەریم ئەحمەد لە نەوەی یەکەمی رێبوارەکانی رێگای کوردایەتی بوو کە ھەمیشە بە ھەڵوێست و بیری دیموکراتی و نیشتمانی دەناسرایەوە. وەک سەرۆک مام جەلال لە وەسفیدا دەیفەرموو (مامۆستا کەریم تێكۆشەرێكی خاكی، رەشۆكی، جەماهیری بوو. ئێمەمانانی خوێندكاری خۆی، وەك خۆی تەماشادەكرد و رێزی لێدەگرتین. ھەتا سەریش ھەر بەو جۆرە جوامێری و سەربەرزییە مایەوە لە دڵی ئێمەماناندا).
بۆیە کۆچی دوایی کەسایەتییەکی وەک مامۆستا کەریم ئەحمەد کە نموونەی باڵاو سەربەرزی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو خەسارەتێکی گەورەیەوە و جێ و پێگەکەی پڕناکرێتەوە، بەڵام ژیان و ناوبانگی جوامێرانەی لە مێژووی گەلەکەمان بە شانازیی و بەزیندوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە وانەیەکیش بۆ پاکی و سەرڕاستی لەگەڵ نەتەوە و ئەو بیروباوەڕەی خەباتی بۆ دەکەین.
بۆ لەدەستدانی ئەم کەڵە تێکۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بە کەسوکار و خزمان و ھاوڕێیانی رادەگەیەنین و رۆحی بۆ ھەمیشە شادبێت و سەبووری و ئارامیش بەھەموو لایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان