چوارچێوەی هەماهەنگی کازمی رەتدەکاتەوە و رازیبوونی بە پێشنیارەکانی سەدڕ مەرجدار دەکات

عێراق 04/08/2022

Alternate Text

یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەماهەنگییەکان بە هیچ شێوەیەک مانەوەی مستەفا کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتووی عێراق قبوڵ ناکات و سازشیش لەسەر ئەو بڕیارە ناکات، دەشڵێت، ئەگەر رێبەری رەوتی سەدڕ رازیبێت بە مەرجەکانیان، ئەوا پێشنیارەکانی قبوڵ دەکەن و پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێننەوە.
ئەبو ئالا ئەلوەلائی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی کە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی موقتەدا سەدڕ رێبەری رەوتی سەدڕ بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە ماڵی عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە بەڕێوەچوو ئاماژەی بەوەکرد:"یەکێک لە گرنگترین بڕیاره‌كانی کۆبوونەوەکەی چوارچێوه‌ی هەماهەنگی بریتیبوو لە سووربوونی هەماهەنگییەکە لەسەر درێژنەکردنەوەی ماوەی کارکردنی مستەفا کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتوودا".

چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیە پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام بە مەرج

لەلای خۆشییەوە، عارف ئەلحەمامی ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی رەوتی سەدڕ لە کۆبوونەوەکەدا باسیلەوەکرد:" دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیارەکانی رێبەری رەوتی سەدڕ تاوتوێکرا، بڕیاردرا چەند مەرجێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیارانە دابنرێت، کە بریتیین لە :
١-گۆڕینی حکومەتی ئێستای عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، چونکە دەسەڵاتی نییە
٢- گۆڕینی دەستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان".
دەشڵێت:" هەر کاتێک رێبەری رەوتی سەدڕ لە رێگەی گفتوگۆوە رازیبوو بە مەرجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوا هەماهەنگییەکەش رازی دەبێت بە مەرجەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا