بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین دۆزینەوەی تەرمی هاوڵاتییەکەی لە قەڵادزی لە ماڵەکەی خۆیدا راگەیاند، کە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دوای ئەوەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە پۆلیسی فریاکەوتن ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێک لەناو ماڵێکدا، دەستبەجێ تیمەکانی بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەرکەوت هاوڵاتییەک بە ناوی ( ئ، ح، م) لە رەگەزی نێر/ لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٣ کە پیشەی کاسبە و دانیشتووی گەڕەکی خانەقای قەڵادزێ لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕوو:"بەگوێرەی زانیاریە سەرەتایەکانی دەست بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەرین کەوتووە، ئەو پیاوە بەتەنیا ژیاوە و ماوەی سێ بۆ چوار رۆژە گیانی لەدەستداوە و بە وتەی کوڕی ناوبراویش، باوکی هیچ کێشەیەکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی نەبووە".
راشیگەیاند:" لەئێستادا تەرمەکە لەنەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێیە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە رێکخراوە".