هێزەکانی کۆماندۆ: رزگار محەمەد و کەریم عەلی پێچەوانەی یاسای هەڵسوکەوتیان کردووە

کوردستان 13/09/2022

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

ئەمڕۆ، هێزی کۆماندۆی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو دوو بەپرسە بڵاوکردەوە کە دوێنێ سەردانی مەرزی پەروێزخانیان کردبوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند:" ئێوارەی دوێنی هەریەکە لە ڕزگار محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نوسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان ڕۆشتبونە نێو مەرزەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی هێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو ڕێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حزبی و حکومیەوە، دواتر لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە هەردوو ناوبراو کرا".

ئەوەش هاتووە:" لە وەڵامدا ڕزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات لەکاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لەچەک و جام تاریکبوون ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە".

کۆماندۆی کوردستان دەڵێت:" لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابویەوە، دواتر لەلایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەر کرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و هەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە هێنرا".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە:" بەداخەوە دوای گەیشتنیان بەشاری سلیمانی هەڵوێستی ئەوان گۆڕا و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆمەڵێ قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو، ئامانجشیان ڕوونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە".،

باس لەوەشكراوە:" ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ ڕێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت ؟

راشیگەیاندووە:" هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕ بێت دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد بە کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا