بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو لە
شەقامی ساڵم چەند کەسێک بووەتە شەڕیان، بەهۆیەوە دووانیان بەتۆمەتی تەقەکردن
دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی
بەوەکردووە:" کاتژمێر ١١:٤٠ خولەکی شەوی رابردوو لە شەقامی سالم بەهۆی
دەمەقاڵێی نێوان شۆفێرێکی تاکسی و دوو ماتۆڕسوار شەڕ دروست دەبێت و تێیدا بە
دەمانچە تەقە لە یەکتر دەکەن ودواتر هەڵدێن ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ئەو کەسانە دەبنە هۆکاری پشێوی و نائارامی
بۆ هاوڵاتییان، بۆیە پاش رووداوەکە هێزەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و دەستیان بە
لێکۆڵینەوە کرد و توانیان هەردوو تەقەکەرەکە دەستگیر بکەن ".
ئاسایشی سلێمانی باسی
لەوەشکردووە:" یەکێک لە تەقەکەرەکانی ناوی ئەحمەد محەمەد مستەفایە و ئەوەی
دیکەش شاباز محەمەد مستەفا، هەردووکیان دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر ئەو چەکەدا گیراوە
کە تەقەیان پێکردووە ".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایش ئەوەش هاتووە:" هەردوو تۆمەتبارەکە لەناو
شاری سلێمانیدا پێشینەی کێشە و نانەوەی پشێویان هەیە، بۆیە بەفەرمانی دادوەر راگیراون ".
ئاسایشی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات هەرکەس سکاڵای لەسەر ئەم
دوو تۆمەتبارە هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بکات
بەمەبەستی رێککاری یاسایی زیاتر بەرامبەریان.