راوێژکاری سەرۆککوەزیرانی عێراق بۆ
مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی لەکاتی دەستگیرکردنی لەکەرکوک گیانی
لەدەستدا، شوێنەواری ئازار و ئەشکەنجە بەجەستەیەوە نەبووە.
نوسینگەی راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی،
سەرۆککوەزیرانی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە:" لە راپۆرتی پزیشکی
داد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیان لەدەستدانی تۆمەتبار (عەبدولقادر سەباح) دەرکەوتووە
کە شوێنەواری هیچ ئەشکەنجەدان و فیشەکێک بە جەستەیەوە نەبووە ".
ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا
ئەو تۆمەتبارە کوردە کە فەرمانبەری کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوکە، لە درەنگانی
شەودا لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانی عێراقەوە لەماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا و دوای چەند
کاتژمێرێک گیانی لەدەستدا.