خەمۆکی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات

تەندروستی 10/03/2023

Alternate Text

توێژینەوەیەک دەریدەخات، ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
تیمێکی توێژینەوەی هاوبەشی ئەمەریکی و ئەوروپی، لە توێژینەوەیەکدا کە ٢٦ هەزار و ٨٧٧ خۆبەخش بەشدارییان تێدا  کردووە بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کە تووشی گرفتە دەروونییەکان  بوون، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی دەماریی لە مێشکدا بە رێژەی ٪٤٥ زیاد دەکات.
لەوبارەیەوە رۆبێرت مۆرفی مامۆستا لە زانکۆی گالوای ئیرلەندا رایگەیاند:" خەمۆکی بەوە ناسراوە کە زیان بە بەشە جیاوازەکانی تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، لە نوێترین دۆزینەوەشدا ئەوە دەرکەوتووە، کە نەخۆشی ئاماژەپێکراو کاریگەری لەسەر سوڕی خوێنی مرۆڤ هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" خەمۆکی دەتوانێت کاریگەری فراوانی هەبێت لەسەر مەیینبوونی خوێن، ئەمەش رێژەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک لە کەسی تووشبوودا زیاد دەکات".
وتیشی:" لە ناو تووشبووەکانی خەمۆکیشدا، ئەو کەسانەی پێنج نیشانەی قورسی نەخۆشییەکە یاخود زیاتریان تێدایە، ئەگەری جەڵتەی مێشک تیایاندا بەرزترە، بەڵام خەمۆکیش دەتوانرێت بە راوێژی پزیشک و سوود وەرگرتن لە دەرمان چارەسەر بکرێت، ئەوەی لەسەر کەسی تووشبووە ئەوەیە کە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا