دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوای عێراقدا دێت و پلەکانی گەرما چەند پلەیەک دادەبەزن، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینیدەکرێت، شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق بگرێتەوە.
دەستەی کەشناسی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:" بەگوێرەی پێشبینییەکان، کەشوهەوای عێراق لە چەند رۆژی داهاتوو گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت، بەشێوەیەک لە هەندێک ناوچە باران و هەور و لە هەندێک ناوچە خۆڵبارین دەبێت، بەڵام خێرایی با هاوشێوەی رۆژانی رابردوو دەمێنێتەوە گۆڕانکارییەکەی ئەوتۆی بەسەردانایەت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" چاوەڕوان دەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق بگرێتەوە و پلەکانی گەرماش، لە چەند ناوچەیەک دوو بۆ سێ پلە داببەزێت".
سەبارەت بە بارودۆخی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردەوە:" ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت و چاوەڕوانیش دەکرێت، پلەکانی گەرما چەند پلەیەک بەرزببنەوە".