سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، کاردەکەن بۆ فراوانکردنی ئەنجومەنی ئاسایش و زیادکردنی ژمارەی ئەندامە هەمیشەییەکانی.
ئەمڕۆ سێشەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند:" کاردەکەین بۆ جیهانێکی ئارامتر و پڕ لە بوژانەوە بۆ هەموو گەلانی جیهان، دەزانین کە داهاتوومان بەستراوەتەوە بە داهاتووی جیهانەوە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت رووبەرووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە بە تەنها".
وتیشی:" پشتگیری لە فراوانکردنی ئەنجومەنی ئاسایش و زیادکردنی ژمارەی ئەندامە هەمیشەییەکانی دەکەین و بۆ ئەوەش زنجیرەیەک دانوستان ئەنجامدەدەین".
راشیگەیاند:" بەردەوامی بە هەوڵەکانمان دەدەین بۆ چاکسازی لە رێکخراوی بارزگانی جیهانیدا و پارێزگاری لە رکابەرایەتی و شەفافی و باڵادەستی یاسا دەکەین".
نەیارەکانی ئەمەریکا دوور نەبوو لە وتارەکەی بایدن، لەو بارەیەوە رایگەیاند:" بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی چەکی وێرانکەر، جەتیش دەکەمەوە کە نابێت ئێران هەرگیز چەکی ئۆتۆم بەدەستبهێنێت".
بایدن ئاماژەی بەوە کرد:" روسیا پابەندی رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بڵاونەکردنەوەی چەکە وێرانکەرەکان نییە، ئەوان بەرپرسیارن لە دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکرانی و خۆشیان دەتوانن کۆتایی پێبهێنن".