ئەمڕۆ مەراسیمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی 15/12/2023، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق و ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، مەراسیمی ئاهەنگی خولی 38هەمینی دەرچووانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی کارنامەکە، سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات و دواتر ئامادەبووان ساتێک بۆ گیانی شەهیدەکان دەوەستن.
هەروەها، لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆدا، زانکۆی سلێمانی خەڵاتی رێزلێنان دەداتە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی، ئەویش لەپای دابینکردنی 5000 کڵاو و رۆب بۆ خوێندکاران، لەگەڵ 225 کڵاو و رۆبی دیکە بۆ مامۆستایان، کە خەڵاتەکە لەلایەن هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی یەکێتی وەردەگیردرێت.