درەبارەی ئەو ئازارەی لە ماوەی دووگیانیدا بۆ خانمان دروستدەبێت، پزیشكێكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی زانیاری دەخاتەڕوو.
دكتۆرە كەژان كاوە تەها، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی ژنان، منداڵبوون و نەزۆكی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئازاری پشت لەماوەی دووگیانی یەكێكە لەو كێشە باوانەی زۆربەی خانمانی دووگیان تووشی دەبن بەتایبەت لە مانگەكانی كۆتایی دووگیانییاندا".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەم پشت ئێشەیە لەوانەیە كاریگەری دروستبكات لەسەر چالاكی رۆژانە و خەوتنی خانمەكە، بۆیە هۆكارەكانی و چارەسەرەكانی پێویستدەبن بۆ ئەوەی چالاكییەكانی رۆژانە و خەوی خانمانی دوگیان ئاسایی ببێتەوە".
- هۆكارەكانی ئەم ئازارە:
1. قەڵەوی و كێشی زۆر.
2. ئەگەر خانمەكە بەر لە دووگیانیش پشتئێشەی هەبووبێت.
3. زیادبوونی كێش لەماوەی دووگیانی.
4. كاریگەری گۆڕانكاری هۆرمۆنەكان لەسەر جومگەكانی ناوچەی حەوز و بڕبڕەی پشت كە بەستەرەكانیان تا ڕاددەیەك نەرم ئەبن بۆ ئاسانكاری پرۆسەی لەدایكبوون.
5. بەپێوە وەستانی زۆر.
- چۆن ڕێگری لێ بكەین یان چارەسەری بكەین؟!
1. وەرزشكرن، لەژێر چاودێری كەسی شارەزا لەبواری چارەسەری سروشتی.
2. پێڵاوی بەرز لەپێ مەكە و باشترە ئەو جۆرە پێڵاوانە لەپێ بكەیت كە نەرمن و گونجاون بۆ كەسێك كە ئازاری پشتی هەبێت.
3. دووربكەوە لە خەوتن لەسەر پشت.
4. پشوودان.
5. سەبارەت بە بەكارهێنانی دەرمان پێویستە لەژێر ڕێنمایی پزیشكەكەت بێت.