یەكێتی هەڵمەتێكی گەورەی دیپلۆماسیی دەستپێكرد

کوردستان 29/03/2024

Alternate Text

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی سەرجەم ئۆرگانەکانییەوە هەڵمەتێکی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپیکردووە.
لە ئێستادا عێراق و ناوچەکە بە گشتی بە دۆخێکی ناهەمواردا دەڕوات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە و چەندین ئاڵنگاری جیاواز چاوەڕوانی ناوچەکە دەکات، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان درکی بەوەکردووە کە پێویستە پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی هەرێم و عێراقیشدا بەرەوپێش ببات و رۆحێکی نوێ بکاتەوە بە بەری دۆستایەتییە دێرینەکانی لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکاندا.

دوێنێ پێنجشەممە، راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیا سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، کە تیایدا ئاماژە بەوەکرابوو بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی مۆسکۆی کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکەش پەیوەستداربووە بە پتوەکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان روسیا و عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا پێشخستنی هاوکاری و پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێم.

هەر لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا كۆبووەوە.

‏‎لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرۆكی یەكێتی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكەی روونكردەوە و بەردەوامیی گفتوگۆكانیشی لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە و راشیگەیاند:" یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێبازی مام جەلال هەنگاو دەنێت و هەمان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات كە خۆی لە چارەسەری ئاشتییانە و پاراستنی سەروەریی خاكی وڵاتان دەبینێتەوە".
هاوکات بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی، ‏‎لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئابووری و ئەمنیی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكراوە و هەردوولا جەختیان لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان و هاریكارییەكانی نێوان هەردوولا كردووەتەوە، بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات.

لەلایەکی دیکەوە یەکێتی دوور لە پێچەوانەی سیاسەتی تاکڕەویی، سالار لالە سەرحەدی رەوانەی چین کردبوو.

ناوبراو کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردبوو، بە نوێنەرایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداربووە لە دیداری حزبی شیوعی چین لە پەکین، کە تیایدا نوێنەری حزبی شیوعی چین و نوێنەری زیاتر لە 20 حزبی دیکە لە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفەریقا ئامادەبوون، لە دیدارەکەشدا لەبارەی پرسە هەنوکەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گفتوگۆ کراوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەی حزبەکەدا، پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداریکرد لە کۆبوونەوەیەک کە لە پەرلەمانی بەڕیتانی بەڕێوەچوو.

لەو پەراوێزەشدا ناوبراو چاوی کەوت بە لۆرد گلاسمان کەسایەتی سیاسی گرنگی بەڕیتانیا، هەریەکە لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە چریس ستپێنس فرلیا کلارکا، لە دیدارەکانیشدا چەندین پرسی تایبەت بە دۆزی کورد تاوتوێ کراون.

هاوکات د. یوسف گۆران، لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییش سەردانی وڵاتی سوید کرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.




ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا