خالید شوانی: ئەگەر هەیە پێش جەژن مووچەی مانگی سێ رەوانە بکرێت

کوردستان 02/04/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، هیچ رێگرییەکی سیاسی و یاسایی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەماوە، دەشڵێت " ئەگەر رێککارەکانی ناردنی مووچە زوو تەواو بکرێت، پێش جەژن مووچەی مانگی سێ رەوانە دەکرێت ".

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئاماژەی بەوەکرد:" لە دوایین بەدواداچوونماندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق دەرکەوتووە کە هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێ لە ئارادا نییە ".

ئەوەشی خستەڕوو:" دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ ئەو میکانیزمانە رابهێنێت کە لە وەزارەتی دارایی عێراقدا پەیڕەو دەکرێت و بەپەلە لیست و پێداویستییەکانی مووچە رەوانە بکات ".

وەزیری داد وتیشی:" ئەگەر هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بە خێرایی رێککارەکان تەواو بکەن، بە ئەگەری زۆرەوە پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز مووچەی مانگی ئاداریش رەوانە دەکرێت ".

لەبارەی رێککارەکانی ناردنی مووچەش روونیکردەوە:" سەرەتا هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، دواتر لیستەکە دەچێتە دیوانی چاودێری و دوای ئەوەش پارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا