جەعفەر شێخ مستەفا: ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکراوە

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی یادی کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی بڵاوکردەوە.
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا رایگەیاند:" لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 16ی نیسانی 1987دا رووی راستەقینەی دەسەڵاتێکی فاشیزمی دڕندەی دژ به مرۆڤایەتیی دەرکەوت، 37  ساڵ بەر لە ئەمڕۆ رژێمی بەعسی دیکتاتۆر ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری لە دۆڵی خۆشناوەتی کیمیاباران کرد و بۆ یەکەمجار ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوەی لە سەر خەڵک و خاکی کورد و کوردستان تاقیکردەوە، کە تیایدا زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بێتاوانی شەهید و بریندار و ئەنفالکرد".

جێگای شانازی و لوتکەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە

باسی لەوەشکرد:" کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، جێگای شانازی و لوتکەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە بۆ خەڵکی کوردپەروەری دۆڵی خۆشناوەتی، چونکە ئەم ناوچەیە هەمیشە لانکەی شۆڕش و بەرخودان بوو دژ بە زوڵم و ستەمی رژێمی فاشیزم، هەروەها شوێنێک بوو بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە، تاوانەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و خاپوورکردنی گوند و خاک و شێواندنی جوگرافیا و سڕینەوەی شوناسی کوردبوونمان، لاپەڕەیەکی پر لە خەم و ناسۆرن لە مێژووی خەباتی پڕ لە سەروەریمان".

حکومەتی عێراقیش لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەیان کەمتەرخەم بووە

ئاماژەی بەوەشکرد:" بە داخەوە تاوەکو ئێستا ناوچەکانی دۆڵی خۆشناوەتی لە رووی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکراوە، کە شیاوی ئەو خەبات و خۆڕاگریی و قوربانیدانەیان بێت، کە لەپێناو پیرۆزی خاکی کوردستان بەخشیویانە، هەرچەندە حکومەتی عێراقیش لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەیان کەمتەرخەم بووە، چونکە بە گوێرەی ماددەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵە و بە یاسا پابەند کراوە بە گەشەپێدان و قەرەبووکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکان و زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی بەعس".
جەعفەر شێخ مستەفا روونیشیکردەوە:" لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری و گشت شەهیدانی رێگای کوردستان، سەربەرزی و شکۆمەندی بۆ کەسوکاری شەهیدەکانمان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا