دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ئاگربەست لە غەززە، بزوتنەوەی حەماس لەیەکەم کاردانەوەیدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد.
ئەمشەوی دووشەممە، بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین بۆ ئاگربەستی یەکجارەیی لە غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، هەروەها بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئامادەین بۆ کارکردنی پێکەوەیی
بزوتنەوەکە دەشڵێت، جەختدەکەینەوە لە ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە دانوستانکارەکان بۆ چوونە ناو دانوستانی ناڕاستەوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانە.
ئەمشەو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەکی ئەمەریکای بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەند کرد، کە لە کۆی دەنگی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە، 14 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام روسیا دەنگی نەدا.