بابەتە سەرەکییەکە:
ماڵپەری BBC راپۆرتێکی
وردی لەبارەی ئیدارەی ئێستای سوریاوە بڵاوکردەوە.
ئەوەی ئاشکرایە: دوای
ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیان روخاند، ئیدارەی نوێی وڵاتەکە
دەستی بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە کردوە کە لە پۆستە گرنگەکاندا هەن بۆ
بەڕێوەبردنی کاروبەری دەوڵەت لە قۆناغی داهاتودا.
چی تر: لە دواین
پێشهاتەکاندا، دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەلشەرع دەستبەکاربونیان
بۆ محەمەد بەشیر دەکرد بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ.
ئەمەش هەیە: محەمەد
بەشیریش بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی کاری وەزیرەکانی حکومەتی رزگاری سوریا کە لە
ماوەی چەند ساڵی رابردودا لە خزمەتیان کردوە و دانانی بەشێک لەو کەسایەتییانەش لە
پۆستە گرنگەکاندا کاردانەوەی جۆراوجۆریان لێکەوتوەتەوە.
ئەوەی هەیە: هیچ میکانیزمێکی
ئاشکرا نییە بۆ دیاریکردنی کەسایەتییەکان کە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزیرەکان
دیاریکراون.
محەمەد بەشیر: لە سەرۆکایەتی
حکومەتی ئیدلبەوە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی سوریا
دوای 10 مانگ لە
دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی حکومەتی رزگاری لە ئیدلب، محەمەد بەشیر راسپێردرا بۆ
پێکهێنانی حکومەتی سوریا کە سەرکردایەتی قۆناغی ئێستای ئەو وڵاتە دەکات.
ناوبراو لە ئیدلب لە
ساڵی 2022ەوە وەزیری گەشەپێدان و کاروباری مرۆیی بوە لە حکومەتی رزگاری ئیدلب و
هەڵگری بڕوانامەی ئەندازاریی کارەبایی و ئەلیکترۆنییە.
ماهیر ئەلشەرع: برای ئەحمەد
ئەلشەرع و وەزیری تەندروستی
ناوبراو لە ساڵی 1973
لەدایکبوە و پزیشکی ئافرەتانە، پێشتر پۆستی راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی هەبوە لە
حکومەتی رزگاری ئیدلب.
براکەی فەرماندەی تەحریر
ئەلشام مشتومڕێکی زۆری لە سۆشیاڵ میدیا دروستکردبو لەم چەند رۆژەی دواییدا، ئەویش
دوای ئەوەی هەواڵی دەستبەکاربونی وەک وەزیری تەندروستی بڵاوبوەوە، بەهۆی ئەوەی
برای ئەحمەد ئەلشەرعە و هەندێک هۆشدارییان دەدا سەبارەت بەوەی خزمایەتی گەڕاوەتەوە
ناو حکومەت هاوشێوەی سەردەمی ئەسەد.
ئەسعەد ئەلشەبیانی:
ناسراو بە ئەبو عائیشە و وەزیری دەرەوە
ناوبراو وتەبێژی پێشووی
بەرەی نوسڕەیە و لە بەشی سیاسی گروپی تەحریر ئەلشام کاری کردوە و تاوەکو ئێستا دوجار
ناو وناسنامەی خۆی گۆڕیوە.
سەرچاوەکان باس
لەوەدەکەن، ئەسعەد لە گوندی ئەبو راسین لە حەسەکە لەدایکبوە و بەشی زمانی ئینگلیزی
لە زانکۆی دیمەشق تەواوکردوە.
مەرهەف ئەبو قوسرە:
فەرماندەی سەربازی تەحریر ئەلشام و وەزیری بەرگری
مەرهەف ناسراوە بە ئەبو
حەسەن و ئەندازیاری کشتوکاڵە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا پۆستی فەرماندەی
سەربازی لەناو دەستەی تەحریر ئەلشام هەبوە.
محەمەد عەبدولڕەحمان:
بەرپرسی سوپای فەتح و وەزیری ناوخۆ
ناوبراو پشێتر پسپۆڕی کاروباری
سەربازی بوە و لە زانکۆ حمس خوێندویەتی و بەڕێوەبەری گشتی سوپای فەتحیش بوە، دوای
ئەوەی بو بە وەزیری ناوخۆ لە یەکەم لێدوانیدا بەڵێنی دامەزراندنی دەزگایەکی
هەواڵگری دا بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەر ئاسایشی وڵات.
شادی محەمەد وەیسی:
وەزیری داد
شادی لە ساڵی 1985 لە حەلەب
لەدایکبوە و مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی بوە، هەروەها لە یەکێک لە مزگەوتەکانی
حەلەب پێشنوێژ و وتارخوێن بوە و پاش دامەزراندنی حکومەتی ئیدلب، ناوبراو دەستی بە
دامەزراندنی دەستەی شەریعەت لە حەلەب کرد و لە حکومەتی رزگاری ئەندامی ئەنجومەنی
باڵای دادوەری بو.
عائیشە دێبس؛ یەکەم ژن
لە حکومەتە نوێیەکەدا
عائیشە وەک بەڕێوەبری
نوسینگەی کاروباری ژنان دەستنیشانکراوە و یەکەم ژنە لە قۆناغی نوێی حکومەتی
سوریادا پۆستی باڵا وەربگرێت.
دەسەڵاتی نوێی سوریا هیچ
زانیەرییەکی وردیان لەبارەی عائیشەوە بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی میدیاکان،
ناوبراو چالاکوانی مافەکانی ژنان و مرۆیی بوەو و لە ماوەکانی رابردودا لە
کەمپەکانی پەنابەران کاری کردوە.
محەمەد یەعقوب عومەر:
دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵی شام
ناوبراو لە شارۆچکەی خان
سبلی سەر بە پارێزگای ئیدلب لەدایکبوە و دو ساڵ پێش ئێستا هەمان پۆستی لە حکومەتی
رزگاری ئیدلب هەبوە و پۆستەکەی وەک وەزیری راگەیاندن لە حکومەتی سوریا هێشتوەتەوە.
فادی قاسم: وەزیری
گەشەپێدان
فادی لە حکومەتی رزگاری
ئیدلب هەمان پۆستی هەبوە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە کیمیا.
حوسام حاج حسێن وەزیری
ئەوقاف
حوسام لە ساڵی 2018 وەک
بەڕێوەبەری ئەوقاف لە ئیدلب دامەزرا و ساڵێک دواتر بوە سەرۆکی نوسینگەی کاروباری
مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی رزگاری سوریا، دواتریش بوە یاریدەدەری وەزیری
ئەوقاف.
عەبدولنەعیم عەبدولحافز:
وەزیری خوێندنی باڵا
ناوبراو بە تەمەنترین و
ناودارترین کەسایەتییە کە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری لە ئێستای سوریادا دیاریکراوە،
ئەو لە ساڵی 1991 دکتۆرای لە فەڕەنسا بەدەستهێناوە.
هەر لە سەرەتای
ئەمساڵەوە، عەبدولنەعیم وەک وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیاریکراوە.
نەزیر محەمەد قادر: وەزیری
پەروەردە
نەزیر لە ساڵی 1970 لە
دیمەشق لەدایکبوە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی عەرەبی، ماوەی نزیەکی
20 ساڵ وەک مامۆستا کاری کردوە و ماوەی 10 ساڵیش بەهۆپی چالاکی سیاسییەوە لکە
زیندان بوە و دواتر لە حکومەتی رزگاری پۆستی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی ناوخۆ لە
وەزارەتی پەروەردەی پێدراوە و ئەمساڵیش وەک وەزیری پەروەردە دیاریکرا.