کۆمەڵى دادگەرى مانگی چواری 2025 كۆنگرە دەبەستێت

درێژتر لە هەواڵ 17 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: به‌سه‌رپه‌رشتیی عه‌لی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی حزبەکە بەڕێوەچوو.

راگەیەندراوی فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بڵاویکردەوە: له‌شاری سلێمانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی سازداو، یه‌كێک له‌ ته‌وه‌ره‌كانیشی دیارییكردنی كاتی كۆنگره‌ی پێنجه‌م بوو.

زیاتر: دوای تاوتوێكردن ‌و وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌، سه‌ركردایه‌تیی بڕیاریدا، به‌ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ له‌مانگی چواری ساڵی 2025، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ دیارییكراو، ڕاده‌سپێردرێت بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان له‌كاتی دیارییكراودا.

دەقی راگەیەندراوەکە؛

سلێمانیی: به‌سه‌رپه‌رشتیی مامۆستا عه‌لی باپیر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مرۆِ‌و پێنجشه‌ممه‌ 26/12/2024 له‌شاری سلێمانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی سازداو، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانیشی دیارییكردنی كاتی كۆنگره‌ی پێنجه‌م بوو.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و عێڕاق‌و ناوچه‌كه‌و گۆڕانكارییه‌كان كرا، كه‌ هاوكێشه‌ سیاسیی‌و سه‌ربازیی‌و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی گۆڕیوه‌و نه‌خشه‌یه‌كی نوێی له‌ناوچه‌كه‌ هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان‌و كوردانی سه‌رجه‌م ناوچه‌كان زۆر به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌ نوێیه‌كه‌ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌بارودۆخ‌و گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ن، كه‌ مووچه‌یان به‌بارمته‌ گرتووه‌و ده‌ستیان ناوه‌ته‌ بینه‌قاقای خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تا ئێستا له‌ كۆتایی مانگی 12دا مووچه‌ی مانگی 11 دابه‌ش نه‌كراوه‌، به‌و پاساوه‌ی له‌ به‌غداوه‌ به‌كه‌موكووڕیی گه‌یشتووه‌، له‌ كاتێكدا داهاتی ناوخۆ له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ تانكه‌رو ئه‌و باج‌و خه‌راجه‌ زۆره‌ی له‌ هاووڵاتیانی كوردستان وه‌رده‌گیرێت كه‌س نازانێت چی لێ‌ ده‌كرێت، زۆر بێباك‌و خه‌مساردانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ڕژێمه‌ نادادپه‌روه‌رو گه‌نده‌ڵانه‌ی هه‌بوون چاره‌نووسیان به‌كوێ‌ گه‌یشتووه‌، ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دیش نموونه‌ی تازه‌ی ئه‌و تایپه‌یه‌ له‌ده‌سته‌ڵات.

له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا كۆبوونه‌وه‌كه‌ خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕیی به‌سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی سووریا، له‌ به‌رانبه‌ر ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د، كه‌ زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ به‌ زه‌بری ئاگرو ئاسن حوكمڕانیی سووریا ده‌كات‌و ژیانێكی پڕ له‌نادادیی‌و ناسۆرو برسێتیی هێنابوو بۆ خه‌ڵكی سووریاو ناوچه‌كه‌، له‌پاش ڕووخاندنیشی ده‌ركه‌وت كه‌ چ ڕژێمێكی دڕنده‌و بێ‌ ڕه‌حم بووه‌ له‌به‌رانبه‌ر گه‌له‌كه‌ی خۆی، ئێستاش پێویسته‌ هێزه‌كانی سووریا به‌ عه‌قڵانیانه‌و لێزانانه‌ په‌ند له‌ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د وه‌ربگرن‌و سیستمێكی پڕ له‌ دادگه‌ریی بۆ هه‌موو گه‌لانی سووریا فه‌راهه‌م بكه‌ن‌و له‌و نێوه‌نده‌شدا كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بكه‌ن‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ واقیعه‌ نوێیه‌كه‌ بكه‌ن‌و ده‌ست به‌گفتوگۆ بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ڕه‌وای كوردانی ڕۆژئاواو، دڵیان خۆش نه‌بێت به‌هێزه‌ بێگانه‌كان، كه‌ له‌ چه‌ندین وێستگه‌دا خه‌ڵكی كوردستانیان جێهێشتووه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خاڵی به‌هێزی كوردانه‌، ته‌بایی نێوخۆیی‌و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگ‌و ڕه‌نگه‌كانه‌ له‌سه‌ر یه‌ك مێزی هاوبه‌ش به‌ ستراتیژی ئایین‌و زمان‌و خاكی میلله‌ته‌كه‌مان.

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌پرسی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، دوای تاوتوێكردن‌و وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌، سه‌ركردایه‌تیی بڕیاریدا، به‌ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ له‌مانگی چوارداو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ دیارییكراو، ڕاده‌سپێردرێت بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان له‌كاتی دیارییكراودا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا