سەنتەری میترۆ: دەستبەجێ دەبێت رۆژنامەنوسان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی دهۆك ئازاد بكرێن

کوردستان 16/05/2020

لەلایەن: shamal

Alternate Text

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنووسان سەركۆنەی دەستبەسەركردنی میدیاكاران دەكات و رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت پاساوێكی نایاساییە بۆ دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسان، داوا دەكات دەسبەجێ رۆژنامەنوسان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی دهۆك ئازاد بكرێن.

ئەمڕۆ لەلایەن ژمارەیەك مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی لەشاری دهۆك خۆپیشاندان كرا بۆ داواكردنی موچە، بەڵام شەوی رابردوو مامۆستا بەدەل بەرواری یەكێك لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكە دەستگیركرا و ئەمڕۆش رێكخەرێكی دیكەیان دەستگیركرا، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە بەدەیان كەس دەستگیركراون.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، شەوی پێش خۆپیشاندانەكە هێزی پۆلیس (بەدەل بەرواری) یەكێك لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی دەستگیركرد، هەر ئەو شەوە لیژنەی ئەمنی پارێزگای دهۆك راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تیایدا هاتبوو "رەزامەندی و مۆڵەتێكی فەرمییان بۆ خۆپێشاندانی رۆژی شەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٠، نەداوە و لەكاتی سازكردنی خۆپێشاندان رێكاری یاسایی دەگرنەبەر".

لە راگەیەندراوەكەی میترۆدا ئەوەش خراوەتەروو، ئەمڕۆ هەر زوو بەر لە دەسپێكردنی چالاكییەكە هێز لە دەوروبەری شوێنی خۆپیشاندانەكە كۆكرایەوە، چەندین بەشداربووی خۆپیشاندانەكەیان دەسبەسەر كرد، لەناو دەستبەسەركراواندا چەند تیمێكی راگەیاندنی تێدایە، دەستیان بەسەر مۆبایل و كامێرای كەسیی رۆژنامەنوسی تیمەكاندا گرتووە، هەروەها رێگری كراوە لە روماڵكردنی چالاكییەكە.

میترۆ ناوی میدیاكارەكانی بڵاوكردووەتەوە (تیمی كەناڵی سپێدە و چەند میدیاكارێكیان (ئازاد موختار ، پەیامنێری سپێدە لە دهۆك، عەلی شلی ، پەیامنێری سپێدە لە دهۆك ، ئەكرەم گولی ، پەیامنێری سپێدە لە زاخۆ، هەجەر سەلمان ، وێنەگری سپێدە لە دهۆك، ماهیر سەگڤان ، بەڕێوبەری تی ڤی خابیر، ئەحمەد شەرنەخی ، بەڕێوبەری رادیۆی خابیر) لەناو دەستبەسەركراوانن، كاروان سادق پەیامنێری كەناڵی گەلی كوردستان و تیمی رۆژنامەوانی دەزگای میدیایی بادینانیان، پاش دەستبەسركردنیان ئەمشەو ئازاد كران، ئومێد حاجی پەیامنێری پرس میدیا، دەستبەسەركراوە.

سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات "دەستبەجێ رۆژنامەنوسان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی دهۆك ئازاد بكرێن، رێگری لە خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی هاوڵاتیان نەكرێت، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ چالاكی مەدەنی ئاشتیخوانەی هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان بپارێزن، نەك بۆ سەركوتكردنی داخوازییە رەواكانیان، بجوڵێنرێن".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا