لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێکی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا ژمارەیەک کەس بێ سەرو شوێن بوون کە ژمارەیەکیان کوردن.
فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ١٤ی ئەم مانگە بەدووری (١٩)کم لە دوورگەی کریت لە رۆژهەڵاتی یۆنان لەدەریایی ئیجەدا لەکەش و هەوایەکی زۆر سەخت و نالەباردا بەلەمێکی پەنابەران ژێر ئاوکەوت.
روونیشیکردووەتەوە، هێشتا ئاشکرا نییە چەند پەنابەر لەسەر بەلەمەکە بوون وە لە کوێشەوە هاتوون یان بەنیازی کوێ بوون، بەڵام توانراوە ( ٥٧ ) پەنابەر رزگاربکرێن لەگەڵ دۆزینەوەی (٣)سێ تەرم کە ژنێک و دوو منداڵن.
ئاشکراشی کردووە، بەپێی زانیارییەکان لەنیو بەلەمەکەدا پەنابەرانی کوردیشی تێدابووە.
بۆ مەبەستی گەڕان و دۆزینەوە و رزگارکردنی پەنابەرانی بێسەر و شوێنی بەلەمەکە چەندین کەشتی دەریایی پۆلیسی ئێشکگر و سەربازی و هەلیکۆپتەری یۆنانی بەردەوامن لەگەڕان لەناوچەکەدا.