Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

ئەو بەدیلەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی ریفراندۆم بۆ بارزانی نارد

کوردستان

25/09/2020

Alternate Text

دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا نامەیەکی بە نوێنه‌رایەتی ئه‌مریكا بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم نارد و داوای لێکرد ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ کاتێکی دیکە دوابخات.

لەگەڵ خوێندنەوەی نامەکەی تیلەرسندا بارزانی وەڵامی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، "مادام وڵاتان گوێ لە داواکاریەکانی ئێمە ناگرن ئێمەش هیچ حسابێکیان بۆ ناکەین و ریفراندۆم لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدەین".

جێگەی ئاماژەیە تیله‌رسن چەند بەدیل و بەڵێنێکی بە ناوی بەرپرسانی ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ بارزانی ناردبوو لەوانەوا، (رێككه‌وتنی مانادار له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و داهات، جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠)، بەڵام بارزانی سەرجەم قسەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و ووتی، "حساب بۆ رای هیچیان ناکەین".

دەقی نامه‌كه‌ی ریكس تیله‌رسن:

به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی من به‌ نوێنه‌رایەتی ئه‌مریكا [ئه‌م نامه‌یه‌] ده‌نووسم تا رێزی بێپایانی خۆم بۆ تۆ و بۆ گه‌لی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌رببڕم. پێكه‌وه‌، له‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كدا، په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییان سازكردووه‌ و مه‌به‌ستمانه‌ و پابه‌ندین به‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامبێت تا به‌هێزتربێت له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا. له‌ سێ ساڵی رابردوودا به‌تایبه‌ت، هاوبه‌شی به‌هێزمان و بڕیاری ئازایانه‌ت بۆ هاوكارییكردنی ته‌واو له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق وایكرد شه‌ڕی دژی داعش پێچه‌وانه‌ بكه‌وێته‌وه‌. شه‌ره‌فمه‌ندییه‌ و هه‌رگیز قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌بیرناكه‌ین له‌كاتی خه‌باتی هاوبه‌شماندا دژی تیرۆریزم.

له‌ئێستادا و بۆ ئێمه‌ بابه‌تی ریفراندۆم ده‌رباره‌ی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ بڕیاره‌ 25ی ئه‌یلول بكرێت. نیگه‌رانی خۆمان ده‌ربڕیوه‌. ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ شه‌ڕی به‌رده‌وامی دژی داعش له‌خۆده‌گرێت، ئۆپه‌راسیۆنی داهاتووی حه‌ویجه‌ له‌خۆده‌گرێت، ژینگه‌ی هه‌رێمیی ناجێگیر و پێویستی به‌چڕی ته‌ركیزخستنه‌ سه‌ر سه‌قامگیركردنی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌خۆده‌گرێت تا دڵنیابین له‌وه‌ی داعش هه‌رگیز نه‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌وجۆره‌، به‌ڕێزه‌وه‌ داوای قبوڵكردنی به‌دیلێك ده‌كه‌ین، كه‌ پێمانوایه‌ باشتر یارمه‌تی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانت و دڵنیایی ده‌داته‌ سه‌قامگیریی و ئاشتی له‌به‌رده‌م ئه‌م شه‌ڕه‌ پێویسته‌ی دژی داعشدا. پرۆپۆزه‌ڵه‌ به‌دیله‌كه‌ چوارچێوه‌یه‌كی نوێ و خێرا داده‌ڕێژێت بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌ سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی. ئه‌م چوارچێوه‌ خێرایه‌ی دانوستان ئه‌جێندایه‌كی كراوه‌ی تێدایه‌ و پێویسته‌ زیاد له‌ ساڵێك بمێنێته‌وه‌، به‌ ئه‌گه‌ری نوێكردنه‌وه‌وه‌.

 ئامانجه‌كه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ مۆله‌قه‌كانه‌ له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و سروشتی په‌یوه‌ندی ئاینده‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا. هه‌روه‌ها تاوتوێی پێویستیه‌ دارایی و ئه‌منییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانت ده‌كه‌ین.

به‌ڕێز سه‌رۆك، له‌ نائومێدی ئه‌م ده‌یه‌یه‌ی دواترت تێده‌گه‌ین، راسته‌، له‌ 1921ه‌وه‌ زوڵمی مێژوویی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كراوه‌ له‌ عێراق. دان به‌ بابه‌تی دۆزینه‌وه‌ی پێویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تییدا ده‌نێین بۆ پێشكه‌وتن، كه‌ بتوانێت چاره‌سه‌ری پێویستی و داواكارییه‌كانی هه‌موو ره‌گه‌ز، باوه‌ڕ و ئێتنیكه‌كانی ئه‌م خاكه‌ كۆنه‌ بكات. ئه‌مه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ سه‌قامگیریی هه‌رێمه‌كه‌ت، له‌گه‌ڵ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئاسایشی نیشتیمانی ئێمه‌.

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و هۆیانه‌، ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكایه‌ له‌ژێر ئه‌م ئیداره‌یه‌ی سه‌رۆك تره‌مپدا كه‌ هه‌ر شتێك له‌ ده‌سه‌ڵاتماندا هه‌بیت بیكه‌ین تا یارمه‌تی ئێوه‌ و حكومه‌تی ناوه‌ندی بده‌ین كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و تا دڵنیایی بده‌ین له‌وه‌ی هه‌موو قورسایی و ده‌سه‌ڵاتێكمان پابه‌نده‌ به‌م چوارچێوه‌ نوێیه‌ی دانوستانه‌وه‌.

جیا له‌وه‌ش، ئاماده‌ین ئاسانكاریی بكه‌ین بۆ پشتگیریی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، تا زیاتر یارمه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بدات له‌گه‌ڵ به‌شدارییكردنی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوبه‌شه‌ گرنگه‌كانمان، وه‌ك به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا. ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكی ناوازه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ داوا له‌ئێوه‌ ده‌كه‌ین قبوڵی بكه‌ن وه‌ك به‌دیلێك بۆ ریفراندۆمه‌كه‌، كه‌ پێمانوایه‌ كاردانه‌وه‌ی جددی ده‌بێت – و ته‌نانه‌ت، خراپتریش، پاشه‌كشه‌ به‌ ئامانجه‌كانمان ده‌كات. به‌ڕوانین له‌ مێژووی گه‌لی كورد، تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی ئه‌م دیالۆگه‌ پێشنیازكراوه‌ به‌ دوا هه‌ل ده‌زانیت.

به‌ڵام پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ هه‌لێكه‌ شایسته‌ی تاقیكردنه‌وه‌یه‌ – به‌تایبه‌ت له‌ده‌می سه‌ركه‌وتنه‌ مێژووییه‌كانتان دژی داعش، هاریكاریی بێوێنه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و پێشمه‌رگه‌ی كورد و پشتگیریی به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تی.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا، گه‌ر گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی قبوڵكراوی دوولایه‌نه‌ یان شكستیان هێنا به‌هۆی كه‌می متمانی به‌غداوه‌، بێگومان دان به‌ پێویستی ریفراندۆمدا ده‌نێین. له‌ به‌رامبه‌ر پابه‌ندیمان بۆ پشتگیرییكردنی ئه‌م چوارچێوه‌ جدییه‌ی دیالۆگدا – وه‌ك به‌دیلێك تا ریفراندۆمی بڕیارلێدراو دوابخرێت – داوات لێده‌كه‌ین پابه‌ندبیت به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌: یه‌كه‌م، دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك بنه‌مای گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتن و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی داهاتوی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ده‌مێنێته‌وه‌.

جا ئه‌مه‌ مانای فیدراڵیزمێكی راسته‌قینه‌ی كارپێكراو بێت یان هه‌ر هاوكێشه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆنفیدراڵی، یان سه‌ربه‌خۆیی، هه‌ر ده‌بێت له‌ڕێی دانوستانی ئاشتیانه‌وه‌ بێت. دووه‌م، هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی كورد به‌رده‌امده‌بن و به‌ هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی ده‌مێننمه‌وه‌ له‌نیو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شكستهێنان به‌ داعش، پاڵپشتی شیاوی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ ده‌كه‌ن، تۆش به‌رده‌وام ده‌بیت له‌ هه‌ماهه‌نگیی مێژوویت له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراقدا. ئه‌مریكا پلانداده‌نێت بۆ خێراكردنی هه‌وڵه‌كانمان بۆ پشتگیرییكردنی میكانیزمی هاوبه‌شی ئه‌منی، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی وه‌ك شه‌نگال، كه‌ هێشتا ناسه‌قامگیرن دوای داعش. ده‌بێت پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شی كاربكه‌ین بۆ دڵنیابوون له‌ سه‌قامگیریی ئه‌م ناوچانه‌ هه‌ستیارانه‌. سێیه‌م، سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستنیشان ده‌كرێن، هاوته‌ریب به‌و پرۆسه‌یه‌ی له‌ مادده‌ی 140دا چێكراوه‌.

ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاریكاریی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، پشتگیریی پرۆسه‌یه‌كی خێرای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ ده‌دات له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌دا باسی لێوه‌كراوه‌. چواره‌م، چاوه‌ڕوانده‌كه‌ین به‌رده‌وامبیت له‌ هه‌وڵدان بۆ هاریكاریی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئێستای عێراق، به‌ پێشه‌نگی سه‌رۆكوه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی نیشتیمانی 2018 و كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر به‌غدا كاتێك دێته‌ سه‌ر بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌. ده‌وڵه‌تداریی و سه‌ركردایه‌تییت پێویست ده‌بێت له‌ قۆناغی دوای داعش بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌.

هاوته‌ریب به‌ چوارچێوه‌ی دانوستانه‌كه‌، پشتگیریی و ئاسانكاریی چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌ده‌ین له‌ماوه‌ی ساڵێكدا:

١- رێككه‌وتنی مانادار له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و داهات.

٢- جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ١٤٠.

٣- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك پێشمه‌رگه‌، فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی، نوێنه‌رایه‌تی دبلۆماسی،، هتد. پێمانوایه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ و بڕیاری بوێرانه‌ت بۆ قوبڵكردنی ئه‌م به‌دیله‌ ده‌بێته‌ به‌ردی بناغه‌ی ده‌رفه‌تێكی مێژوویی له‌نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌ ده‌می قوربانیدانی هاوبه‌ش و سه‌ركه‌وتنمان له‌دژی داعش.

به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریكا، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و ته‌واوی تیمی ئاسایشی نیشتیمانیمان، شه‌ره‌فمه‌ندبووین به‌ كاركردن له‌گه‌ڵتان.

له‌گه‌ڵ رێزماندا، رێكس تیله‌رسن

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP