جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیارییەکانی ئاشکراکرد لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ئازاری ٢٠٢١، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" چەند پرسێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا تاوتوێ و گفتوگۆیان لەسەر کراوە".
راشیگەیاند:" یەکێک لە بابەتەکان نرخی دۆلار بوو کە گفتوگۆی لەسەر کرا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی و لیژنەی داراییش پێیان وابووە لە ئێستدا ئەم هەنگاوە پێویستە و بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی دۆلار لە ئارادا نییە، لە بابەتێکی دیکەدا تاوتوێی قەرزەکانی سەر عێراق کرا و زۆرێک لە ئەندامان داوایان کردووە کە لە بودجەی ئەساڵدا نابێت قەرزی نوێی تێدابێت، بەڵکو تەنها قەرزە کۆنەکان، ئەویش بەهۆی ئەوەی بارودۆخی ئابوری عێراق خراپ و لاوازە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا:" یەکێکی دیکە لە بابەتەکان پەیوەست بووە بە فەرمانبەرانی عێراقەوە". لە کۆتاییدا جەختیشیکردەوە کە ئەم بابەتانە گرنگترینی ئەو پرسانەن کە رێگری لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە دەکات".
بەشیر حەداد وتیشی:" پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا نەبووەتە هۆی کێشە و تێنەپەڕاندنی یاساکە بە پێچەوانەی هەندێک لایەن کە وا دەریدەخەن".