قوباد تاڵەبانی: نەیارانی یەکێتی هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە دەدەن

درێژتر لە هەواڵ 01/10/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ سەرۆک تیمەکانی گەنجانی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.

چی تر: لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە دەستپێکی وتەکانیدا دۆخی یەکێتی لە ماوەی ساڵانی نێوان 2009 بۆ 2022 شی کردەوە، کە لەو ماوەیەدا و لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا دوای ساڵی 2022 رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبوو و لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیشدا تەواو بێ کاریگەر ببوو، بەڵام لەم سێ ساڵەدا بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر بووە.

ئەمەش هەیە: قوباد تاڵەبانی وتیشی: ئەوانەی لە نزیکەوە سەرۆک بافڵ دەناسن، دەزانن کە بەڵێنێک بدات، جێبەجێی دەکات، بەر لە دوو ساڵ، بەڵێنیدا کە هاوسەنگی هێز دروست بکاتەوە و جێبەجێی کرد، لە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی یەکێتی لە کەرکوک و موسڵ و لە گۆڕینی  یاسای هەڵبژاردن و چەندین سەرکەوتنی دیکەش، ئێستا چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا یەکێتی نەک وەک جاران هێزێکی پەراوێزخراو و بێ کاریگەر نییە، بەڵکو ئەو هێزەیە لەناو هەموو هاوکێشەکاندا حیسابێکی گەورە بۆ سیاسەت و بڕیار و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.

ئەمەشی وت: هیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەرەستەی پیویستی نییە بۆ چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، تەنانەت یەکێتیش چوار ساڵ لەمەوبەریش توانای چاکسازی و گۆڕانکاری نەبوو، بەڵام یەکێتی لەم قۆناغەدا و بەو سەرۆکە بەهێزەی کە هەیەتی و بەو خۆڕێکخستنەوەیە کە کردویەتی و بەهۆی چەندین تایبەتمەندی دیکەشەوە تەنها لایەنێکە کە  کەرەستەی پێویستی بۆ چاکسازی راستەقینە و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەیە و ئەمجارە دەتوانێت و دەشیکات، چونکە ئەمە بەڵێنی سەرۆک بافڵ و ئیرادە و خواستی سەرکردایەتی و هەموو کادر و ئەندام و جەماوەری یەکێتییە.

زیاتر: لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: نەیارانی یەکێتی ئەمجارەیان دڵنیان لە سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی، هەربۆیە هەوڵ دەدەن ئاژاوە و کێشە دروست بکەن و بێ ڕێزی بە کاندیدەکان و کەسایەتییەکانمان بکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا