بافڵ تاڵەبانی: هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە

کوردستان 05/08/2021

لەلایەن: mohameed

Alternate Text

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن.

"گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن"

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی ئاب، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لە ژمارەیەک سەرۆک عەشرەتی شاری سلێمانی کرد و ئەوەیان پێ راگەیاندن:" لەپێناو دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر  گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن".

"دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت"

لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوەشکراوە:" پێویستە هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت ".

دەقی راگەیەندراوی نویسنگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی:

بافڵ تاڵە‌بانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سە‌رۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە.
لە‌كۆبوونە‌وە‌یە‌كدا کە رزگار عەلی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەعدی ئەحمد پیرە، ئاسۆ مامەند، د.سۆران جەمال تاھیر و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئامادەیبوون، بافڵ تاڵەبانی بەگرنگییەوە ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی لە کۆمەڵگای کوردەواری بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێزێکی زۆرەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوان داینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بوون لەپێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام. ئێمە ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ئێوە لەبیرناکەین و یەکێتی حیزبی ئێوەیە.
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییەوە هاوسەرۆک بەرچاوڕوونی دایە ئامادەبووان و وتی، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن. گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین. هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وەکچۆن لە رابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان رۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین. دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و رادەستی دادگای دەکەین.
لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاند، ئێمە لەرابردوودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بووین، لەداهاتووشدا هەروا دەبین. داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و هەمووان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا