بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە و وتی، یەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ریشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو ھەڤاڵێتی کارەکانیان رێکدەخەنەوە و زیاتر گرنگی بەتوانا و ھێزی گەنجان دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی تشرینی یەکەم، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەدا:" تاکە رێگاو چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و رەزامەندی ھەموولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لە بەڕێوەبردن".
دەقی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی:
بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازیکرد لە خاتوو پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق.
لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێم و ئوسترالیا کردەوە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات بەتایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرھێنان ھانی سەرمایەداران و خاوەن کاران بدرێت لە ھەرێم سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و ھاوکاربن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانیش ھەڵوەستەی کرد لەسەر قۆناغی دوایی ھەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداری کورد، و روونیکردەوە دۆخی سیاسی عێراق ناسەقامگیرە،
ململانێی ئیقلیمی و ناوچەییەکان کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی و داھاتووی ئەو حکومەتەی پێکدەھێنرێت، بۆیە تاکە رێگاو چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و رەزامەندی ھەموولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لە بەڕێوەبردن چونکە ئەمە رێگا دروستەکەیە بۆ ئیستقراری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیش.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆئەوەشکرد وەک یەکێتی لەھەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانیی کوردین لەسەر بنەمای نەتەوەیی تا بتوانین وەک یەک ھێزی یەکگرتوو لە ناوەند داکۆکی لەمافەکانمان بکەین و بەشداری فیعلی بین لە بڕیار و ئیدارەدانی عێراق و کۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی و دەمارگیری بێنین و ناکۆکییەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین کە ئەم نیەتەش تەنھا بە یەکگرتوویی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دێتەدی.
بۆ ئەرکەکانی رێکخراوەیی و راستکردنەوەی رێڕەوی حزبی بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند یەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ریشەیی حزبیدایە و بەپێی پەیڕەو ھەڤاڵێتی کارەکانمان رێکدەخەینەوە و زیاتر گرنگی بەتواناو ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێنینە پێشەوە، کادریش لەسەر بنەماکانی رۆشنبیری و فیکری پەروەردە دەکەینەوە و ژیانی سیاسیمان بەتەواوەتی گەنج دەکەینەوە.
ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بۆچونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.