بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەبۆنەی کۆچی دوایی ناجیە مستەفا ئەمین بروسکەیەکی ماتەمینی ئاڕاستەی خانەوادەی نەوشیروان مستەفا کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی تشرینی دووەم، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی کۆچی دوایی ناجیە مستەفا ئەمین، خوشکی نەوشیروان مستەفا بروسکەیەکی ماتەمینی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە:" رۆڵی بنەماڵەی کاک نەوشیروان لە خەباتی سیاسی و تێکۆشاندا دیار و بەرچاو سەنگینە".
دەقی بروسکە ماتەمینییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
بەڕێزان لە بنەماڵەی تێکۆشەر مستەفا ئەمین، کاک چیا نەوشیروان مستەفا و کاک نما نەوشیروان مستەفا.
بەپەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی خاتوو (ناجیە مستەفا ئەمین) خوشکی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا-مان پێگەیشت.
لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان رۆڵی بنەماڵەی کاک نەوشیروان لە خەباتی سیاسی و تێکۆشاندا دیار و بەرچاو سەنگینە، کە ئەم خەباتە نەک بۆ خانەوادەکەتان جێگای شانازییە، بۆ ئێمەو گەلەکەشمان بە چاوی نرخاندنەوە لێی دەڕوانین و شانازی بەو مێژووەوە دەکەین کەبۆتە بەشێک لەخەباتی سیاسی کوردەواریمان.
بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و ھاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکارو خانەوادە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەین، داواکارین لە خوای گەورە ئەم خەم و کۆستەتان بڕەوێنێتەوەو دواناخۆشیتان بێت و رۆحی کۆچکردووش بۆ ھەمیشە شادبێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی