وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، کەسێک بەناوی "سەڵاحی
مۆنیکا" بەتۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوان و تێکدانی هێماکانی هاتوچۆی سەر شەقامەکان
دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ هەینی، ١٤ی کانونی دووەم، فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە
راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە:" بەیانی دوێنێ لەكاتی پەنگخواردنی ئاو لەچەند شەقامێکی هەولێر کەسێک
کە بە ناوی سەڵاحی مۆنیکا ناسراوە، بە ئۆتۆمبێلەکەی کۆمەڵێک هێمای هاتوچۆی لەسەر
شەقامەکان تێکشکاند و لەهەندێک شوێنیشدا شۆستەكانی شێواند، کە تەنها بۆ نیشاندانی
هێزی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو کارانەی ئەنجامدابوو ".
دەستكاری تابلۆ و ئاکاری ئۆتۆمبێلەكەی كردووە
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" ناوبراو دەستكاری تابلۆی
ئۆتۆمبێلەكەشی كردووە و بەشێكی شاردووەتەوە، كە ئەمەشیان تاوانە، لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ
وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەستكاری ئاكاری ئۆتۆمبێلەكەی كردووە
".
وتەبێژی هاتوچۆی
هەولێر روونیشیکردووەتەوە:" ئەو هەمو تاوان و سەرپێچییانەی
ئەنجامیداون بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و دۆكیۆمێنت سەلمێندراون، كە هەندێكی لەلایەن كەسی نزیکی
خۆیەوە بڵاوكراونەتەوە ".