بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا دەستگیرکردنی ژن و پیاوێکیان پاش شەش کاتژمێر لە ئەنجامدانی تاوانەکەیان راگەیاند، کە بە هاوبەشی هەڵسابوون بە کوشتنی هاوسەری ژنەکە لە خەودا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەینەوا لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد:" پاش ئەوەی هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە لە دۆزینەوەی تەرمێک بە کوژراوی لە ناوچەیەکی دووری پارێزگاکەمان، راستەوخۆ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکرد".
کەلوپەلی ماڵی کوژراوەکە بڵاوکرابووەوە
راشیگەیاند:" لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی تەرمەکە دۆزرایەوە هێزەکانمان توانییان، ماڵی کوژراوەکە دەستنیشان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی ماڵەکەمان کرد، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی هیچ کەسێکەوە لەو شوێنە و بڵاوبوونەوەی کەلوپەلی ناو ماڵەکە بڕیارماندا لێکۆڵینەوە لەو جێگەیە دەستپێبکەین".
پیاوەکە بە دەمانچە کوژراوە
روونیشیکردەوە:" لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە پیاوەکە بە دەمانچە لەلایەن هاوەسەرەکەی و خۆشەویستی هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هەر ئەوانیش تەرمەکەیان فڕێداوە".
بکوژانی پیاوەکە لە موسڵ دەستگیرکراون
ئاماژەی بەوەشکرد:" پاش ئاشکرابوونی ناسنامەی بکوژانی پیاوەکە، راستەخۆ تیمەکانمان بەدواداچوونیان بۆ دوو کەسەکە دەستپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانییان هەردووکیان لە پارێزگای موسڵ دەستگیربکەن".
بکوژانی پیاوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٦ راگیراون
ئەوەشیخستەڕوو:" لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".