بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، ئەگەر تاکو دوو هەفتەی کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەر نەکرێت ناچار دەبن نەشتەرگەرییە ساردەکان رابگرن.
ئۆمێد محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە چاوپێکەوتنێکدا باسیلەوەکرد:" ماوەی چەند مانگێکە کێشەی کەمی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان رووی لە نەخۆشخانەی شار کردووە و لەئێستاشدا بارودۆخی نەخۆشخانەکە لەو رووەوە زۆر خراپە".
شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەری دەرمان خەرجنەکراوە
ئاماژەی بەوەشکرد:" بەهۆی ئەوەی ساڵی پار شایستە داراییەکان بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەری دەرمان خەرجنەکراو، بەهای دۆلاریش بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە، نەخۆشخانەی شاری رووبەڕووی کێشەی دارایی بووە و لە ئێستادا ناتوانێت دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ نەشتەرگەرییەکان دابینبکات".
دەرمانەکان لە نەخۆشخانەکان کەمبوونەتەوە
ئەوەشیخستەڕوو:" لە ماوەی رابردوودا کۆمپانیاکانی دابینکەری دەرمان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشدارییانداوە لەوەی ئەو دەرمانانەی لە بەشەکانی فریاکەوتندا بۆ نەشتەرگەریی، بەنجکردن و دوورینەوەی برینەکانی نەخۆش بەکاردێت رووی لە کەمبوونەوە کردووە".
دەزولەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شار نەماوە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار راشیگەیاند:" ماوەی چەند مانگێکە ئەو دەزولەیەی لە کاتی نەشتەرگەریدا بەکاردێت لە نەخۆشخانەی شاردا نەماوە".
جەختیشیکردەوە:" ئەگەر تاکو دوو هەفتەی دیکە گرفت کەمی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەی شار چارەسەر نەکرێت، ناچاردەبین نەشتەرگەرییە ساردەکان لە نەخۆشخانەکەمان رابگرین".