وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی پردی سەرەکی رێگەی نێوان هەولێر- کەرکوک لە بەیانییەوە تاوەکو ماوەیەکی نادیار ئەو پردە دادەخرێت.
فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" لەبەرئەوەی لە ئێستادا مەترسی رووخان لەسەر پردی سەرەکی رێگەی نێوان هەولێر- کەرکوک هەیە ، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیاردرا ئەو پردە نۆژەنبکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە".
ئەوەشیخستەڕوو:" وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خۆی سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی پردەکە دەکات و سبەینێش هەینی لە کاتژمێر ٦ی بەیانییەوە سایدی هاتن بەرەو هەولێر لەسەر ئەو پردە تاوەکو ماوەیەکی نادیار دادەخرێت".
لە سبەینێوە پردەکە دادەخرێت
راشیگەیاند:" شۆفێران دەتوانن تاوەکو ئەو کاتەی پردەکە نۆژەندەکرێتەوە سایدی چوون بۆ کەرکوک بەکاربهێنن، لەبەرئەوەی لە بەیانییەوە سایدەکە دەکرێت بە چوون و هاتن لەنێوان ئەو دوو پارێزگایەدا".
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر باسیلەوەشکرد:" لە کاتی داخستنی پردەکە بە رووی شۆفێراندا، بارهەڵگرەکان دەتوانن شەقامی ١٢٠ مەتری بەکاربهێنن بۆ هاتنە ناوەوەی پارێزگای هەولێر، لەبەرئەوەی سایدی چوون و هاتن بۆ کەرکوک و هەولێر لەسەر پردەکە بە رووی بارهەڵگرەکاندا قەدەغەدەکرێت".