دوای نزیکبوونەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە
نەوتی روسیا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان ١٢٠ دۆلاری تێپەڕاند.
ماڵپەڕی "oilprice"ی تایبەت بە نرخی وزە و
سووتەمەنییەکان بڵاویکردووەتەوە:" نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان
بۆ بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردوو بەرزبووەتەوە و یەک بەرمیل نەوت بە ١٢١ دۆلار
و حەوت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکی ( رۆژهەڵاتی تەکساس)یش
بە رێژەی ١.٨٨٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١١٧ دۆلار و دوو سەنت ".
زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نرخی نەوتی خاو
لە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەئەگەری رێککەوتنی وڵاتانی
ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە نەوتی روسیا، پێشبینی
دەکرێت نرخەکەی زیاتر بەرز ببێتەوە.