وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، وشکەساڵی و دروستکردنی بەنداو لەناو ئێران و تورکیا، چەند ناوچەیەکی هەرێمەکە مەترسی " بیابانبوونیان" لەسەر دروستبووە.
حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند:" بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی، وشکەساڵی و دروستکردنی چەند بەنداوێک لە ئێران و تورکیا، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان وەک، باشووری هەولێر، مەخموور، دیبەگە، گوێر و ناوچەی گەرمیان بە تایبەتی کەلار و کفری هەڕەشەی بە بیابان بوونیان لەسەرە".
دروستکردنی بەنداوەکان کاریگەری لەسەر ئاوی هەرێم هەیە
ئەوەشیخستەڕوو:" کەمی بارانی ئەمساڵ تەنیا هۆکار نیـیە بۆ کەمبوونی یێژەی ئاو لە هەرێم، بەڵکو دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا و ئێران وایان کردووە رێگە لە بڕێکی زۆری ئاو بگیرێت لە رووبارەکانەوە بێنە ناو خاکی هەرێمەوە".
سەبارەت بە رێککارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابانبوون ئاماژەی بەوەشکرد:" نزیکەی ١٩ بەنداو کە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستاندا کارکردن تیایاندا وەستابوو لە ئێستادا حکومەت بوودجەی بۆ دابینکردوون و کاریان تێدا دەکرێت، تەواوکردنی هەر بەنداوێکیش لە ناوچەکەی خۆیدا کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ناوچەکەی خۆی کە سوودی هەیە بۆ ئاوی ژێر زەوی و بۆ گەشتوگوزار و پەروەردەکردنی سامانی ماسی و زیاد کردنی رووبەری ئاوی لە هەرێمی کوردستان".