ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی دووەمی لایەنە سیاسییەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەندرا

کوردستان 10/08/2022

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەم کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە پرسی هەڵبژاردنی کوردستان و ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی BMC، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵدراوە بۆ لێکنزیکردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لە بارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و تاکو رادەیەک ئەو هەوڵەش سەرکەوتوبووە، بەو پێیەی سەرکردەی لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لەو خاڵانەی لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکەدا لەسەری کۆکبوون برتییبووە لەوەی، کە سیستەمی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان بە یەک بازنەی بمێنێتەوە و تەنیا لە دەنگی گشتی بەشداربن و دەنگدانی تایبەت نەیانگرێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتاییان لەوبارەیەوە نەداوە.

بڕیاردراوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە

لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کارابکرێتەوە، هەروەها بۆچوونێکیش تاوتوێکراوە، کە بریتییە لەوەی لە  هەڵبژاردنی داهاتوو، ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمان فرەبازنە بێت و ٪٥٠کەی تریشی یەک بازنە بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وابڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامبدرێتەوە و تێیدا بڕیاری کۆتایی لە بارەی پێشنیارەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بدرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا