بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی زانیاری نوێ لەسەر بەشە خۆراکی هاوڵاتییان هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت، تاکو کۆتایی ئەمساڵ چەند بەشە خۆراکێکی تر بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
نەوزار شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد:" ئەمساڵ تاکو ئێستا شەش بەشەخۆراكی مانگانە هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، كە بە جۆرێکە، لە بەشی چوارەم و پێنجەم هەندێك كەلوپەلی خۆراك نەهاتوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کەلوپەلە خۆراکییانەی هاتوون دابەشمانکردووە بەسەر هاوڵاتییاندا".
ئەوەشی خستەڕوو:" بەشی شەشەمی بەشە خۆراک، برنج، زەیت و شەكر هاتووە و لە هەندێك شوێن ئاوەتەماتەش هاتووە، بەڵام لە هەندێك شوێن تاکو ئێستا ئاوەتەماتەی مانگی پێنج نەهاتووە، هەروەها فاسۆلیای بەشی چوارەم نەهاتووە"، دەشڵێت:" رۆژانە بەشەجیاوازەكانی خۆراك دێن و ئێمەش دوای پشكنین، دابەشی سەر بریكارەكانی خۆراكیان دەكەین بۆ ئەوەی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبکرێت".
هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك بەهەدەرناچێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین
راشیگەیاند:" هاوڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك بەهەدەرناچێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دێت و دابەشی دەكەین".
نەوزار شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: "چەند ساڵە تەنیا شەش بەشەخۆراك دابەش دەكرا، بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەیش دابەش بكەین".
دەشڵێت: "ئەو ماددانەی کە هاتوون، هەموویان پشکنینیان بۆ کراوە و لە رووی تەندروستییهوه بۆ خواردن گونجاون و کوالێتییان زۆر باشە، بۆیە با هاووڵاتییان بچن وەریانبگرن".