حکومەتی هەرێمی بڕیاریدا بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:” لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو نێوان وەفدێکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی، بەڕێوەبەری سندوقی پاڵپشتی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک، بڕیاردراوە، نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک دروستبکرێت”.
شایەنی باسە، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دوو نەخۆشخانە بۆ چارەسەری توشبووانی شێرپەنجە هەیە، کە ئەوانیش بریتیین لە نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی و نەخۆشخانەی نانەکەلی لە ھەولێر، بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ھیواش، رۆژانە زیاتر لە ھەزار کەس بە مەبەستی پشکنین سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن و زیاتر لە ٢٥٠ کەسیش رۆژانە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.