بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی بە
هیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نەبووە.
نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی
رایگەیاند:" بافڵ
جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیکرد لە
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە دیدارێکدا پێشھات و پەرەسەندنە سیاسییەکان، دۆخی چەقبەستووی سیاسی
عیراق و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی نیشتمانیی تاوتوێکران و بۆچوونیان
لەبارەوە خرایەڕوو".
باسیلەوەشکرد:" سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا جەختی
لە چارەسەرکردنی دەستووریانە و سیاسییانەی کێشەکان کردەوە و رایگەیاند، یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان پشتگیر و ھەماھەنگە بۆسەرخستنی گفتوگۆی نیشتمانیی بونیادنەرانە
بە بەشداری ھەموولایەنە سیاسییەکان کە ببێتە ھۆی دەربازبوونی وڵات لەو دۆخە
نەخوازراوەی تێیکەوتووە".
نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشکردەوە:" لە
بارەی دۆخی ھەرێم، پرسی ھەڵبژاردن و ئەگەرەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەڵوێستی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و وتی، یەکێتی بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی
ھەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو دەیانەوێت یاسایەکی سەردەمیانەمان ھەبێت کە لەگەڵ دۆخی
ھەرێم بگونجێت و کۆدەنگی نیشتمانیی لەسەربێت چونکە پرسێکی وەھا گرنگ و چارەنووسساز
پێویستی بە سازان و رێککەوتنی ھەموولایەنەکانە".