زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ لێدانی ١٣٨ بیری ئاو خواردنەوە تەرخانکرا

کوردستان 29/08/2022

لەلایەن: lawan

Alternate Text

بە مەبەستی چارەسەری کاتی کێشەی کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەولێر، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا بە تەرخانکردنی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ هەڵکەندنی ١٣٨ بیری ئاو خواردنەوە لە سنووری ئەو پارێزگایە.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دوای رەزامەندیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانى بیرى ئاوخواردنەوە بە مەبەستی چارەسەری کاتی کێشەی کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ٧ ملیار دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە درا کە ١٠٤ بیریان بۆ ناو شاری هەولێر و ٣٤ بیریشیان بۆ دەوروبەری بووە کە هەندێکیان بیری جێگرەوەی ئەو بیرانەن کە وشکیان کردووە و تاکو ئێستا کارکردن لە بەشێکى بیرەکان بەردەوامە و تەواو نەبووە".
لەلای خۆشیەوە، سیروان تەحسین سابیر سەرپەرشتیاری بیرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر روونیشیکردەوە:" لە ١٠٤ بیری تایبەت بە سەنتەری پارێزگای هەولێر کە گوژمەى لێدانیان ٥ ملیار و ٨٨٢ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دینارە، ٤٨ـیان لێدراون کە ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکییان کردووە و ئەوانی دیکەیش لە گەڕەک و شوێنە نوێیەکان و ئەو جێگەیانەی پێویستیان پێی بووە لێدراون، و ٧ بیریشیان ئامێری بیرلێدان لەسەرە و لە ئایندەیەکى نزیک تەواو دەبن. هەر لە پلانیشدایە کە ١٤ بیری دیکە لێبدرێن".
ئەوەشی خستەڕوو:" تاکو ئێستا بڕی دوو ملیار و ٨٦١ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار دینار بۆ لێدانى بیرەکان خەرج کراوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵ ئەم پڕۆسەیە تەواو بکرێت".
سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵکەندن و لێدانی بیر لە دەوروبەری شاری هەولێر، ئەندازیار رێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند:" سەرەتا پێشبینیی ئێمە ئەوە بوو کە ٣٠ بۆ ٤٠ بیر لە دەوروبەری هەولێر، وشک بن و دوای مانگی حوزەیرانیش هەڵکشێن بۆ ٥٠ بیر، کەچى تا ئێستا ٢٠ بیر وشکیان کردووە و ٣٠ بیریش گەیشتووەتە ئەو رادەی کە ناتوانین ئاوی لێ هەڵێنجین و ئەوانیش بەرەو وشکبوون دەچن، بۆیە دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی لێدانی بیر دەستی پێ کردووە و تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەش پێویستیی بە پاڵپشتی تەواوی حکومەت هەیە و گوژمەی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دینار تێچووی لێدانی ٣٤ بیری دەوروبەری هەولێرە و لەو بڕە پارەیەش ملیارێک و ١٥٠ ملیۆن دینار خەرج کراوە، بە تەواو بوونی ئەم پرۆسەیە گرفتی کەمئاوی لە سنووری دەوروبەری هەولێر ١٠٠٪ کۆتایی دێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە:" پرسى هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان زۆر گرنگە لە بەفیڕۆنەدانی ئاو، بۆ ئەمەش فەرمانگەکانی ئاو لە دەوروبەری هەولێر و سەنتەری شار داوایان لە مامۆستایانی ئایینی و بەڕێوەبەر و مامۆستاى قوتابخانەکان و هاووڵاتییانیش کردووە کە گرنگیی بە بابەتی هۆشیارکردنەوە بدەن و رۆڵیان هەبێت لەم بوارەدا".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" ئەو بیرانەی ئێستا لە دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێن دابەش دەبنە سەر دوو جۆر، ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکیان کردووە و بەشێکیشیان بیری نوێن بۆ گەڕەکە نوێیەکان و ئەو گەڕەکانەی کە فراوان بوون، بۆیە ئەگەر بە ڕێژە وەربگیرێت ئەوا ٧٠٪ی بیرەکان بیری جێگرەوەن و ٣٠٪یان بیری نوێن. لەو ٣٤ بیرەی بۆ دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێت تا ئێستا ٢٧ بیر لێدراوە و لەو ژمارەیەش ٢٤ بیریان تەواو بوون و ١٤ـیان کەوتوونەتە کار"..

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا