قوباد تاڵەبانی: کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق گەرەنتیکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمە

کوردستان 07/09/2022

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، کێشەی ئەوان لەگەڵ عێراق گەرەنتیکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات کۆبووەوە و تیایدا دواپێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گازیان تاوتوێ کرد.
 لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە تیایدا ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادە بوو، باس لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە کرا.
 جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ روونکردنەوەی ناوەڕۆکی ناکۆکییەکان و بە ئاماژەدان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی رایگەیاند:" ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە".
 هاوکات داواشیکرد، ئەمریکا لەمبارەیەوە زیاتر هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و دواین پێشهاتە سیاسییەکانی بەغدا کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە رێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک کە ناکۆکی و بارگرژییەکان قوڵتر بکاتەوە.
 هاوکات باسی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە:" حکومەتی هەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لەهەموو سێکتەرەکاندا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکات". ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا سەرباری گرفت و بەربەستەکان حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی ناوە.
 داواشیکرد ئەمریکا وەکچۆن لە ماوەی رابردوودا هاوکار و پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بووە لە پرۆسەی چاکسازیدا، بۆ لەمەودواش لە هاوکارییەکانی بەردەوام بێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا